“میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی”، دوو برای خەڵکی شاری سەقز پاش دەستبەسەرکردنیان بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری سنە بە ناوی قەرارگای (شەهرامفەر) گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز میلاد ڕەندانی، تەمەن ٣٠ ساڵ و نەریمان ڕەندانی، تەمەن ٣٥ ساڵ دوو برای خەڵکی شاری سەقز و لە چالاکوانانی میدیایی و مەدەنی، پاش دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سنە بە ناوی قەرارگای (شەهرامفەر) گواسترانەوە.
ئەم دوو برایە ڕۆژی پێنجشەممە چواری ڕێبەندانی ١٤٠٣، ڕۆژێک پاش مانگرتنی فراوانی کاسبکارانی شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژی سزای سێدارە، بەبێ بڕیاری دادوەر لە شاری سەقز دەستبەسەرکران. بە تێپەڕبوونی دە ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیان، بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و کەسوکارەکانیان بۆ بۆ زانینی چارەنووس و بارودۆخیان تا ئێستا بێ ئەنجام بووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتیانە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی کوردستان وەکو سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە، مەریوان، بۆکان و مهاباد لە ناڕەزایەتی دژی سزای لە سێدارەدان چالاکییەکانی ڕۆژانەی خۆیان ڕاگرت و دەستیان بە مانگرتن کرد.