بە تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی جەلیل جەفاکش، هاوڵاتی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، جەلیل جەفاکش لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە کوردە بە شێوەیەکی توندوتیژیانە ئەنجام دراوە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا، خێزانەکەی لە هەر جۆرە پەیوەندییەک یان ئاگاداریێکی فەرمی لەبارەی چارەنووسی ناوبراو بێبەش ماون.
جەلیل جەفاکش لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بێبەش بووە و بەدواداچوونەکانی خێزانەی بۆ زانینی بارودۆخی ناوبراو بێ ئەنجام ماوەتەوە.
بەردەوامی بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە بارودۆخی جەستەیی و یاسایی ناوبراوی زیاتر کردووە.

