مەهاباد؛ بەردەوامیی دۆخی نادیاری شەهرام قەباڵ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەرکران

«شەهرام قەباڵ»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی میاندوئاو، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٢ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا دەژی و هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و دۆخی دۆسیەکەی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، شەهرام قەباڵ بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراوە و پاشان بۆ بەندیخانەی میاندواو ڕاگوێزراوە. لە کاتی دەستبەسەرکردنیەوە تا ئێستا، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، دوای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، لە لقی جێگری داواکاری گشتیی دادیاریی سێیەم، بە سەرۆکایەتیی حوجەتولئیسلام یەزدانی، پێیان ڕاگەیەندراوە کە بڕیاری دەستبەسەرکردنی دوو مانگە بۆ شەهرام قەباڵ دەرکراوە و یەکلاکردنەوەی کۆتایی دۆسیەکە بۆ کۆتایی ئەو ماوەیە دواخراوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگا، پرۆسەی پێڕاگەیشتن بە تەمومژ دەورەدراوە و دەوترێت پێش تەواوبوونی قۆناغەکانی دادگاییکردن و بەڕێوەچوونی دادگای کۆتایی، بڕیارگەلێک سەبارەت بەم دۆسیەیە دراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوون سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم هاووڵاتییە کراون، بڵاونەکراوەتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەقز؛ دەستبەسەرکرانی سەحەر مەهدی و ئاراستەکردنی تۆمەتی سیخوڕی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە

چ آوریل 22 , 2026
«سەحەر مەهدی» تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و تۆمەتی «سیخوڕی» ئاراستە کراوە.بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، سەحەر مەهدی لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر […]

بابەتی پەیوەندیدار