بۆکان؛ بەردەوامی دەستبەسەرکرانی ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد دوای ٥٢ ڕۆژ و ڕێگریکران لە ئازادی کاتییان

«ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد»، دوو هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان، دوای تێپەڕبوونی ٥٢ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانیان، پاش تاقەتهێنان لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار و لێپرسینەوە لە گرتووخانە ئەمنییەکام، بۆ زیندانی شاری بۆکان گواستراونەتەوە و تا ئێستاش لە دۆخێکی نادیاردا بەسەردەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی هەینی ١٠ی رێبەندانی ١٤٠٤، ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد، کوڕی ڕەحیم، لەدایکبووی ١٣٥٩، و ڕەحیم شیلانی، کوڕی عوسمان، لەدایکبووی ١٣٥٤، بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەرکرانی سەرەتایی لە یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانداهاوکات لەگەڵ لێپرسینەوە رووبەرووی ئەشکەنجە و ئازار بوونەوە، و پاشان بۆ زیندانی بۆکان گواسترانەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند هەفتە لە گواستنەوەیان، تا ئێستا لە ئازادی کاتی ناوبراوان بە دانانی بارمتە رێگری دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان نیشانی دەدەن کە ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵی‌فەرد لە ٥٢ ڕۆژی یەکەمی دەستبەسەرکرانیاندا لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون، و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ڕوون لەبارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتیانە ڕانەگەیەندراوە، و دامەزراوە ئەمنییەکانیش لەم بارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردۆتەوە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

Next Post

منداڵان، بێپەناترین قوربانیانی شەڕ

س مارس 24 , 2026
ئەو شەڕە جینایەتکارانەی کە چوار هەفتەیە بەردەوامە، خەڵکی سڤیلی ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکەی لە چەندین لایەنەوە خستووەتە ژێر گوشارەوە. ئابووریی داڕماو، ئاوارەیی، نەبوونی ئەمنییەت و دەیان کارەساتی دیار و شاراوەی دیکە. بەڵام لەم نێوەندەدا، دەکرێ بوترێت کە منداڵان لاوازترین قوربانیی ئەم شەڕەن، ئەو قوربانییانەی کە نە لە بڕیاری دەستپێکردنی […]

بابەتی پەیوەندیدار