«مەسعود سەهامی»، گەنجێکی خەڵکی شاباد، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارازییان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی هێزەکانی رژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆلڵەرنیوز، «مەسعود سەهامی» گەنجی کورد، خەڵکی شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگیی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و گیانی لەدەستدا. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، مەسعود سەهامی سەرپەرشتیاری خێزانەکەی بووە و لە یەکەیەکی گۆڕینی ڕۆن وەک شاگرد کاری کردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، سەبارەت بە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکانی شاباد، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دامەزراوە ئەمنییەکان ڕێگەیان بە خێزانەکان نەداوە تەرمی گیانبەختکردووان لە گۆڕستانی ئەم شارە بەخاکبسپێرن و خێزانەکان ناچار بوون تەرمی خۆشەویستەکانیان بۆ گوندەکانی دەوروبەری ئەم شارستانە بگوازنەوە و بەخاکیانبسپێرن.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوە ئەمنییەکان ژمارەیەک لە خێزانی گیانبەختکردوەەکانیان خستووەتە ژێر فشار تا پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان وەک هۆکاری تەقەکردن بناسێنن و لە هەمان کاتدا، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی شاباد، هەوڵیان داوە بریندارەکانی نارەزایەتییەکان دەستبەسەر بکەن کە لە دوای ئەم کردارانە، زۆرێک لە خێزانەکان بریندارەکان یان تەرمی گیانبەختکردووەکانیان بە شێوەیەکی نهێنی لە نەخۆشخانە دەرهێناوە و گواستویانەتەوە.

