«محەمەد جەعفەری»، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کرماشان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم شارەیە کە لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕازییان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «محەمەد جەعفەری» هاووڵاتییەکی ٤١ ساڵەی کوردی خەڵکی کرماشان، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە و لە شەقامی «گوڵی سۆرخ»، لە دوای راوەدونانی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە پشتەسەرەوە کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و گیانی بەختکرد.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، محەمەد جەعفەری کوڕی حوسێن و خێزاندار بووە.
تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی «بەهەشتی زەهرا»ی کرماشان بە خاک سپێردرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دیار نییە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی محەمەد جەعفەری، خێزانەکەی ناچار دانی پارە یان ناچار واژۆکردنی پابەندییەکی نووسراو کرابێتن؛ بەڵام پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕاگەیاندبوو کە دامەزراوەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنی تەرمی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان لە کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەم لە خێزانەکان وەردەگرن و خێزانەکان ناچار دەبن بۆ وەرگرتنی تەرمی خۆشەویستەکانیان ئەم بڕە پارەیە بدەن.

