«فەرهاد چراغیزادە»، هاوڵاتییەکی ٤٥ ساڵەی خەڵکی کرماشان، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی کرماشانە کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارەزایان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چوار گوللەی جەنگی بۆ سەر «زگی» گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «فەرهاد چراغیزادە» ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە بۆڵەڤاری «تاقی بێستان»ی کرماشان، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی چوار گوللەی جەنگیی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە دوای واژۆکردنی پەیماننامەی نووسراو لە خێزانەکەی و دانی بڕی ٨٠٠ ملیۆن تمەن، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە. خێزانەکەی لە ئێستادا لە ژێر چاودێریی توندی دامەزراوە ئەمنییەکاندان. تەرمی فەرهاد چراغیزادە ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گۆڕستانی «باخی فیردەوس»ی کرماشان بەخاکسپێردرا.
فەرهاد چراغیزادە خێزاندار و باوکی کوڕێکی ١٤ ساڵان بوو. نزیکەکانی دەڵێن کە هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە «درێژەدەری ڕێگای ئازادی دەبێت».

