«ڕەزا دەروێشی»، گەنجێکی ٢٧ ساڵەی خەڵکی شاباد، یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم شارەیە کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارازییان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «ڕەزا دەروێشی» گەنجێکی ٢٧ ساڵەی خەڵکی شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە و لە دەوروبەری مزگەوتی «ئیمام حوسێن»ی شاباد، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی هێزەکانی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی و گیانی بەختکرد. تەرمی ئەم گیانبەختکردووە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بەشداریی فراوانی خەڵک و لەگەڵ وتنەوەی دروشمی «شەهیدی ڕێگای ئازادی» بە خاک سپێردرا.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دیار نییە کە بۆ وەرگرتنی تەرمی ڕەزا دەروێشی، خێزانەکەی ناچاربە دانی پارە یان واژۆکردنی پابەندییەکی نووسراو کاون یاخود نا؛ بەڵام پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕاگەیاندبوو کە دامەزراوەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنی تەرمی گیانبەختکردووانی نارەزایەتییەکان لە کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە خێزانەکان وەردەگرن و خێزانەکان ناچار دەبن بۆ وەرگرتنی تەرمی خۆشەویستەکانیان ئەم بڕە پارەیە بدەن.

