شاباد؛ میلاد گەنج‌دوست ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووان

«میلاد گەنج‌دوست»، گەنجێکی ٢٦ ساڵەی خەڵکی شاباد، یەکێکی ترە لە نارەزایان لەم شارە کە دوای برینداربوونی بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزەکانی رژیم، چەند ڕۆژ دواتر بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «میلاد گەنج‌دوست» گەنجێکی ٢٦ ساڵەی خەڵکی شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی پێنج‌شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان ئەم شارەدا و لە دەوروبەری مزگەوتی «ئیمام حوسێن»ی شاباد، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی جەنگی لەلایەن هێزەکانی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی و بە سەختی بریندار بوو. بەپێی زانیارییە بەدەست‌هاتووەکان، ئەم هاووڵاتییە گەنجە لەگەڵ خراپی دۆخی تەندروستی، دوای چەند ڕۆژ تەحەمولکردنی برینەسەختەکانی گیانی لەدەستدا.

تەرمی میلاد گەنج‌دوست ڕۆژی ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە گوندی «سەیدایاز»ی سەر بە بەشی گۆوارە سەر بە شاباد، لە پارێزگای کرماشان، بە خاک سپێردرا.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دیار نییە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ئەم گیانبەختکردووە، خێزانەکەی ناچار بە دانی پارە یان واژۆکردنی پابەندییەکی نووسراو کراون یاخود نا؛ بەڵام پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان بە کۆڵبەرنیوزیان ڕاگەیاندبوو کە دامەزراوەکانی حکومەت بۆ وەرگرتنی تەرمی گیانبەختکردووانی خۆپیشاندانەکان لە کرماشان، بڕە پارەیەک لە نێوان ٧٠٠ ملیۆن تا یەک ملیارد تمەن لە خێزانەکان وەردەگرن و خێزانەکان ناچار دەبن ئەم بڕە پارەیە بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە پەیوەندی بە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ئیسلام‌آباد غەرب، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دامەزراوە ئەمنییەکان ڕێگە بە خێزانەکان نادەن تەرمی قوربانییەکان لە گۆڕستانی ئەم شارەدا بە خاک بسپێرن، و خێزانەکان ناچار دەبن تەرمی خۆشەویستەکانیان بۆ گوندە دەوروبەرەکان بنێرن بۆ خاکسپاری.

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دامەزراوە ئەمنییەکان فشاریان خستووە سەر خێزانی هەندێک لە گیانبەختکردووان بۆ ئەوەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنییە کوردەکان وەک هۆکاری تەقەکردن و کوژرانی رۆڵەکانیان بناسێنن؛ هەروەها لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانبار، هێزە سەربازی و ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر نەخۆشخانەی شاباد بۆ دەستبەسەرکردنی بریندارانی نارەزایەتییەکان، کە بەهۆی ئەم هەنگاوەوە زۆرێک لە خێزانەکان بریندارەکان یان تەرمی گیانبەختکردوەەکانیان بە شێوەی نهێنی لە نەخۆشخانە دەرهێناوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شاباد؛ جابر عەبدی ناسنامەی یەکێکی تر لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە سەرتاسەرییەکان

ی ژانویه 25 , 2026
«جابر عەبدی»، گەنجێکی خەڵکی شاباد، یەکێکی ترە لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان لەم شارەدا کە لە کاتی سەرکوتکردنی نارازیان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوولەی جەنگی هێزەکانی گیانی بەختکرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «جابر عەبدی» گەنجێکی کوردی خەڵکی شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی پێنج‌شەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە، […]

بابەتی پەیوەندیدار