عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری بەندکراو لە گرتووخانەی ناوەندی سەقز بۆ چارەسەری دەرمانی بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی هەینی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری شاری سەقز کە لە گرتووخانەی ناوەندی سەقز ماوەی سزاکەی بەسەر دەبات بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی مەرەخەسی کاتی پێدرا و لە گرتووخانە ئازاد کرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی پزیشکەکانی خۆی لە نەخۆشخانەکانی ڕەجایی و فیرووزگەری تاران دەکات.
عوسمان ئیسماعیلی، تووشی نەخۆشی «فتقی ئینگویناڵ» بووە و لەهەمان کاتدا ئاسما و تەنگەنەفەسی توند، نەخۆشی دڵ و ڕۆماتیزمی هەیە.
ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفایی بە تۆمەتی «ئەندام بوون لە کۆمەڵە»، بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی «بانگەشە لە دژی ڕژیم لەڕێگەی بەشداری کردن و گوتاردان لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی»، بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری سزا درا.
بەپێی ئەم بڕیارە و بە لەبەرچاو گرتنی مەرجەکانی کەمکردنەوەی سزا لە مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی پەسەندکراو لە ساڵی ١٣٩٢دا وەکوو دۆخی تەمەنی تاوانبار و خێزانداربوونیی ناوبراو، بەپێی یاسای ئاماژەپێکراو و هەروەها مادەی ٦ی یاسای کەمکردنەوەی سزای بەندی تەعزیری پەسەندکراو لە ١٣٩٩دا بە ڕەچاوکردنی مادەی ٣٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی پەسەندکراو لە ١٣٩٢دا، سزاکانی پێشتری ناوبراو بۆ ماوەی ١٦ مانگ بەندی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژەکانی دەسبەسەربوونی ڕابردوویەوە کەم کرایەوە.
ناوبراو ڕۆژی دووشەمە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ پاش سەردان کردنی لقی ٢ی بەڕێوەبردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری سەقز، دەستگیر کرا و بۆ بەسەر بردنی ماوەی سزاکەی ڕەوانەی گرتووخانەی سەقز کرا.