مەهاباد؛ دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی مەنسوور عەباسی، ئەحەد خەیری و واحید خەیری و گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی نادیار

«مەنسوور عەباسی»، «ئەحەد خەیری» و «واحید خەیری» سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد، لە بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییاندا، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی دووشەممە ۴ی جۆزەردانی ۱۴۰۵، هێزەکانی ڕژیم بە هێرشکردنە سەر ماڵی «مەنسوور عەباسی»، «ئەحەد خەیری» و «واحید خەیری» سێ گەنجی خەڵکی گوندی «بەفرەوان»ی سەر بە ناوچەی «شامات»ی شاری مەهاباد، بەبێ پێشکەشکردنی بڕیاری دادوەری، ئەم هاووڵاتییانەیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، «ئەحەد خەیری» و «واحید خەیری» کە برای یەکترین، لەگەڵ «مەنسوور عەباسی» لە یەک کاتدا دەستبەسەر کراون.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە، شوێنی ڕاگرتن، دۆخی تەندروستی و تۆمەتەکانی دژیان بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها ئەوان لە کاتی دەستبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندی یاخود هێڵێکی پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا نەبووە و هێزەکانی ڕژیم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم ڕووەوە نەداوە.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار