
«ئارمان دەروێشی» و «میلاد شادیخا» دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەرکردن، بە دانانی بارمتەی قورس و بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥، «ئارمان دەروێشی» تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی ئەمیر، لەگەڵ «میلاد شادیخا» ناسراو بە «میلاد قەرە» تەمەن ٢٢ ساڵ و کوڕی عەلی، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی «سینگان»ی سەر بە شاری شنۆن، دوای ٨٤ ڕۆژ دەستبەسەرکردن، هەریەکێکیان بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کران.
ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ سزای دادوەری لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان دەستبەسەر کرابوون و دوای گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی نادیار، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کرابوو.
بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، هەواڵی دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە تاوەکو ئێستا ڕانەگەیەندراوە و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، یەکەمین زانیاری گشتییە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنیان؛ بابەتێک کە هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی کاتییاندا بڵاو کراوەتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کراون لەبەردەستدا نییە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا لە شوێنی نادیار و لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراون و لە مافی هەبوونی پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون.

