
بە تێپەڕبوونی ١٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی «پژمان حاجیزادە»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخ، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٥، هێزەکانی ڕژیم بەبێ سزای دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی «پژمان حاجیزادە» و ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە. ناوبراو خەڵکی گوندی «گاومێش گوڵی»ی سەر بە میاندواوە و دانیشتووی شاری بۆکانە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، پژمان حاجیزادە دوای دەستبەسەرکردنی، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی شاری ورمێ گوازراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، ئەم هاووڵاتییە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە و لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێککەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، دۆخی (دۆسیەکەی) و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەم هاووڵاتییە کوردە کرابێتن بڵاو نەکراوەتەوە و ناوەندە بەرپرسەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە.
