سدیق محەمەدی، شۆفێری بارهەڵگری شاری سنە، بەهۆی پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری شۆفێران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەمە شەشی جۆزەردانی ١٤٠٤، سدیق محەمەدی، شۆفێری بارهەڵگری گواستنەوە و خەڵکی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شەقامێکی ئەم شارە دەستبەسەرکرا. شایانی باسە هۆکاری دەستبەسەریی ناوبراو، ڕاگەیاندنی پشتیوانی و هاوکاریی لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری شۆفێران و بارهەڵگران بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سدیق محەمەدی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات بە تەلەفۆن بانگهێشت کرابوو. سەرەڕای ئەمەش، ڕۆژی سێشەمە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لە شوێنی مانەوەی ناوبراو نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ زانینی چارەنووسی ناوبراو تا ئێستا بێ ئەنجامە.
شایانی باسە، مانگرتنی سەرتاسەری شۆفێران و بارهەڵگران لە ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤، بە داوای یەکێتی ڕێکخراوانی بارهەڵگران و شۆفێرانی سەرتاسەری وڵات دەستی پێکردووە و هێشتا بەردەوامە.