
«مەیسەم وەیسی» و «موجتەبا وەیسی» دوو برای کورد، لە چالاکوانانی ناسراوی کولتووری و مەدەنی و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، لە دوای هێرشی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر شوێنی نادیاریان لە شاری داڵاهۆ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە گیانیان لەدەستدا. هاوکات، چارەنووسی هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی «فەرشاد حاتەمیپوور» کە لەو شوێنەدا ئامادە بووە، تا ئێستا نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، هێزەکانی سوپای پاسداران شوێنی حەوانەوەی مەیسەم وەیسی و موجتەبای برای لە گوندی «قەڵا کەوش» سەربە شاری داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشان خستە ژێر گەمارۆی تەواوەوە. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی ڕژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە چەند لایەکەوە تەقەیان لەو ماڵە کردووە و لە ئەنجامدا ئەم دوو برایە لە شوێنی ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان دەڵێن لە کاتی ڕوودانی ئەم هێرشەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی «فەرشاد حاتەمیپوور» لەبەردەستدا نییە و بنەماڵەکەی تا ئێستا لە چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن یان ئەگەری دەستبەسەرکردنی بێئاگان.
مەیسەم و موجتەبا وەیسی لە کەسایەتیە ناسراوە کولتوورییەکانی کرماشانن و لە دامەزرێنەرانی کتێبخانەی کوردیی گەڕەکی «دەرەدرێژ» (مەهدیە) بوون و لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیشدا لەم ناوچەیەدا ڕۆڵێکی چالاکیان هەبوو. موجتەبا وەیسی جیا لە چالاکییە مەدەنییەکانی، لە وەرزشوانانی وەرزشی زۆرانبازی و لە کەسایەتیە ناسراوەکانی ئەم وەرزشە بوو لە پارێزگای کرماشاندا.
ئەم دوو برایە پێشتریش بەهۆی چالاکییە کولتووری، نەتەوەیی و بیروباوەڕییەکانیانەوە چەندین جار کەوتبوونە ژێر گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکانەوە. موجتەبا وەیسی لە ١٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٣دا هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی شیرینی کرماشان دەستبەسەر کرابوو و دوای ١٨ ڕۆژ ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی و گواستنەوەی بۆ زیندانی دیزڵاوا، لە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٤دا بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
مەیسەم وەیسیش لە کاتی نەورۆز و خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا لە گەڕەکی یارساننشینی دەرەدرێژ دەستبەسەرکراوە و سزای دادوەریی هەبووە. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم دوو برایە لە دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردووەوە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەژێر چاودێریدا بوون و بەهۆی نیگەرانی لە دەستبەسەرکردن و مەترسیی سەر گیانیان، پەنایان بۆ ژیانی خۆشاردنەوە بردبوو.

