خزر (شەماڵ) ڕەسوڵ مروەت، زیندانیی سیاسی پێشوو و چالاکیی مەدەنی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٦ خەزەڵوەری ١٤٠٤، خزر (شەماڵ) ڕەسوڵ مروەت، زیندانیی سیاسی پێشوو و چالاکیی مەدەنی شاری مەهاباد، لە ماڵەکەیدا لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەستبەسەرکرانی ئەم هاوڵاتییە بەبێ بڕیاری دادوەر ئەنجامدراوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندی دەستبەسەرکران، شوێنی مانەوە و هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی خزر ڕەسوڵ مروەت نادیارە.
شایانی باسە، خزر (شەماڵ) ڕەسوڵ مروەت پێشتر لە گەلاوێژی ١٣٧٨ دەستبەسەرکرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سێ ساڵ زیندانیی تەعزیری و پێنج ساڵ زیندانیی دواخراو سزادراوە. ناوبراو پاش دوو ساڵ زیندان بە مەرج ئازادکرا، بەڵام لە خوێندن بۆ بڕوانامەی ماستەر بێبەشکرا.
ناوبراو لە ڕەشەممەی ١٣٩١ پاش بەشداری لە گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە خوێندکارانی شین ئاوا دەستبەسەرکرا و چەندین مانگ لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و ورمێ لێپرسینەوەی لێکراوە. لە ڕەزبەری ١٣٩٢، دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «دژایەتی ئاسایشی نەتەوەیی» بە پێنج ساڵ زیندانیی تەعزیری سزادا کە ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پەسەندکرا.
خزر ڕەسوڵ مروەت، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا چەندین جار لە زیندانەکانی مەهاباد، ورمێ و میاندواو دوورخرایەوە و جێگۆڕکێکرابوو.

