مەریوان؛ کوژرانی کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی

کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی زیویە، سەربە شاری کامێران بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە لە سنووری هەنجیران گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز شەوی دووشەممە هەشتی ڕێبەندانی ١٤٠٣ کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی زیویە، سەربە شاری کامێران لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە لە سنووری هەنجیران، سەربە شاری مەریوان بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستدا.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە مەهیار سەفەری، تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندی زیویە، سەربە شاری کامێران بۆ کۆڵبەرنیوز پشتڕاست کراوەتەوە. شایانی باسە تەرمی بێ گیانی ئەم کۆڵبەرە پاش سێ ڕۆژ دۆزراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.

کۆڵبەرنیوز

You May Like