«ئیدریس دەرویشوەند»، هاووڵاتییەکی ٣٤ ساڵەی لەک خەڵکی شاری ئەلوەند سەر بە پارێزگای قەزوین، یەکێک لە گیانبەختکردووانی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی بەفرانبارە کە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رژیم گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، «ئیدریس دەرویشوەند» لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی سێ گوللەی جەنگی بەرەو باڵ، پەنجە و کەلەکە کرایە ئامانج و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئەنجامی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، تەرمی ئەم گیابەختکردووە دوای فشارێکی زۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و وەرگرتنی پەیمان لە بنەماڵەکەی سەبارەت بە درووشم نەوتنەوە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٤ بەخاکسپێردرا و خێزانەکەی لەم پرۆسەیەدا لەژێر سنووردارکردن و کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندا بوون.

