«سۆران فەیزی زادە»، هاوڵاتی خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، کە ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرابوو، و بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی سەخت گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی بە نهێنی لە شوێنێکی نادیار ئەسپەردەکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، سۆران فەیزی زادە، هاوڵاتی خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، لە کاتئ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم شارە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم لەسەر شەقام دەستبەسەرکرا و هاوکات بە باتۆم و لێدان و ئەشکەنجە دووبارە ئەشکەنجە دراوە و بەسەختی برینداربوو.
ئەم هاوڵاتییە پاش دەستبەسەرکرانیی بۆ نەخۆشخانەیەکی سنە گواسترایەوە و هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی بەختکرد.
لە ماوەی مانەوەی سۆران فەیزی زادە لە نەخۆشخانە، هێزەکانی ڕژیم ڕێگرییان لە بینینی بنەماڵەکەی لەگەڵ ناوبراو کردووە و پاش گیانلەدەستدانیشی تەرمی ناوبراو بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی بە نهێنی لە شوێنێکی نادیار لە شاری سەقز ئەسپەردەکراوە.
هەروەها بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە گیانبەختکردووە لەژێر فشاری هێزەکانی ڕژیمدان تا لە هەر جۆرە گفتوگۆ کردن و زانیاری بڵاوکردنەوەیەک خۆ بەدوور بگرن.
سۆران فەیزی زادە، کوڕی عەباس، خەڵکی سەقز و دانیشتووی بیجاڕ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە کە منداڵێکیان تەمەنی تەنها ٣ مانگە.
دەگوترێت پێشتر سەرچاوە ناوخۆییەکان لە گیانبەختکردنی لانیکەم هەشت هاوڵاتی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ لە بیجاڕ و گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانەی بەعسەت لە سنە ڕایانگەیاندبوو کە هێشتا ئەگەری ڕاگەیاندنی تەئیدی ئەم ڕاپۆرتانە نەدراوە.

