سنە؛ دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی کارۆ مێنبەری و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار

«کارۆ مێنبەری»، گەنجێکی ١٩ ساڵەی خەڵکی گوندی “نییەر” و دانیشتووی گوندی “حەسەن ئاوا”ی سەر بە شاری سنە، لە ئەنجامی هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی خێزانییەکەی دەستبەسەرکرا. ئەم دەستبەسەرکرانە بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری ئەنجامدراوە و لەگەڵ شێواندنی بەشێک لە ماڵەکە و دروستکردنی کەشێکی تۆقاندن و ترس هاوکات بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی رێبەندانی ١٤٠٤، هێزەکانی ئەمنیی ئیدارەی ئیتلاعات بە چوونە ژوورەوەی توندوتیژانە بۆ ماڵی خێزانی کارۆ مێنبەری، سەرەڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، بەشێک لە کەلوپەل و سامانی ماڵەکەشیان شێواند و وێران کردووە. هەروەها ئەم هێزانە بەبێ بوونی هیچ مۆڵەتێکی یاسایی، دەستیان بەسەر مۆبایلەکان و هەندێک کەلوپەلی تایبەتی کارۆ مێنبەری و ئەندامانی خێزانەکەیاندا گرتووە و پاشان ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بریکارە ئەمنییەکان لە ماوەی ئەم رووداوەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ناوبراو رانەگەیاندووە و تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی یاسایی و دۆخی جەستەیی کارۆ مێنبەری لەبەردەستدا نییە.

هەروەها ئەم سەرچاوەیە جەختی کردووەتەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا، خێزانی کارۆ مێنبەریان بە وتنی ڕستەی “چیتر کوڕەکەتان بە چاو نابینن” هەڕەشە لێ لێکردوون؛ بابەتێک کە بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی جدی خێزانەکەی سەبارەت بە گیان و چارەنووسی ئەم گەنجە ١٩ ساڵەیە.​​​​​​​​​​​​​​​​

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار