نەوسوود؛ کوژرانی وەزیر ڕەحیمی، کۆڵبەری تەمەن ۵۷ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور

وەزیر ڕەحیمی، کۆڵبەری خەڵکی شاهۆی سەر بە شاری ڕوانسەر، لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شوشمێی نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ۱۲ی پووشپەڕی ۱۴۰۵، کۆڵبەرێکی تەمەن ۵۷ ساڵ بە ناوی «وەزیر ڕەحیمی» لە ناوچەی سنووریی شوشمێ لە نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان، کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و لە هەمان شوێن گیانی لەدەستدا.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەم کۆڵبەرە لە کاتی تێپەڕبوون لە ڕێڕەوە شاخاوییەکانی کۆڵبەری، لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەی لێکراوە. دەوترێت بەهۆی قورسیی برینەکەی، پێش گەیشتنی هەر جۆرە هاوکارییەکی پزیشکی یان فریاگوزاری گیانی سپاردووە.

وەزیر ڕەحیمی، خێزاندار و خەڵکی گوندی «مەنسوور ئاغایی»ی سەر بە بەشی شاهۆی شاری ڕوانسەرە. ناوبراو بەهۆی هەژاری، بێکاری و نەبوونی هەلی کاری بەردەوام، لە نزیکەی ۲۰ ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شاری سنووریی نەوسوود نیشتەجێ بووە و لە ڕێگەی کۆڵبەریی بژێوی ژیانی دابین دەکرد.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، تەرمی ئەم کۆڵبەرە دوای گواستنەوەی لە بەرزاییە سنوورییەکان، هێشتا لە بنکەی تەندروستیی شاری نەوسوود ڕاگیراوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی “کۆڵبەرنیوز”، لە ساڵی ١٤٠٤، بەگشتی ٥٧ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کوردستان و کرماشان، بەهۆی هۆکارگەلێکی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم، ڕەهێڵە و سەرماڕەقبوونەوە، چوونە سەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و هۆکارەکانی دیکە، کوژراون و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٢٦ کۆڵبەر (٤٦٪) کوژراون و ٣١ کۆڵبەر (٥٤٪) بریندار بوون.
لە کۆی ئەو ٥٧ کۆڵبەرەی لە ساڵی ١٤٠٤دا کوژراون و بریندار بوون، بەگشتی ٤٤ کۆڵبەر (٧٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێم بووە. هەروەها لەم ژمارەیە، ٢ کۆڵبەر (٤٪) منداڵ کۆڵبەری تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون، کە حاڵەتێکیان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵ کۆڵبەرە.
سەرەڕای کەمبوونەوەی ٦٩٪ی کۆی گشتیی کوژراوان و برینداران لە ساڵی ١٤٠٤دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٤٠٣، ڕێژەی کوژراوەکان بۆ کۆی گشتیی قوربانییان لە ٢٨٪ەوە بۆ ٤٦٪ زیادی کردووە. ئەم گۆڕانکارییە نیشاندەری بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە لە پشکی کوژراوەکان لە کۆی گشتیی قوربانییان و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕووداوەکان لە ساڵی ١٤٠٤دا کوشندەتر بوونەتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بەیاننامەی کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسی لە زیندانیی ئێڤین

ج جولای 3 , 2026
«جەبار موستەفا»، زیندانیی کوردی خەڵکی سلێمانی، ئێوارەی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە زیندانی ئێڤین گیانی لەدەستدا. ناوبراو دوای هەستکردن بە ئازارێکی سەخت لە سنگیدا بۆ بەشی تەندروستیی زیندانەکە گواسترایەوە. سەرەڕای هەبوونی نیشانەی ئاشکرای جەڵتەی دڵ، نە هێڵکاری دڵی بۆ ئەنجامدرا و نە ڕەوانەی نەخۆشخانەش کرا. تەنها دەرزییەکی ئازارشکێنیان لێدا و گەڕاندیانەوە […]

بابەتی پەیوەندیدار