بەیاننامەی کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسی لە زیندانیی ئێڤین

«جەبار موستەفا»، زیندانیی کوردی خەڵکی سلێمانی، ئێوارەی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە زیندانی ئێڤین گیانی لەدەستدا. ناوبراو دوای هەستکردن بە ئازارێکی سەخت لە سنگیدا بۆ بەشی تەندروستیی زیندانەکە گواسترایەوە. سەرەڕای هەبوونی نیشانەی ئاشکرای جەڵتەی دڵ، نە هێڵکاری دڵی بۆ ئەنجامدرا و نە ڕەوانەی نەخۆشخانەش کرا. تەنها دەرزییەکی ئازارشکێنیان لێدا و گەڕاندیانەوە بۆ بەندەکەی. چەند کاتژمێرێک دواتر، جەبار موستەفا لەناو بەندیخانەکەدا گیانی لەدەستدا. بەرپرسیارێتی ئەم گیانلەدەستدانە لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە زیندانیی ئێڤین بەڕێوەدەبەن. کاتێک زیندانیی لە مافی چارەسەرکردن بێبەش دەکرێت و چاودێریی پزیشکی بێباکە و گوێیپێنادرێت، ژیانی زیندانیی بە کردەوە دەکەوێتە دەست ئەو بەرپرسانەی کە ئەم بارودۆخەیان بەسەر زیندانەکەدا سەپاندووە.
گیانلەدەستدانی جەبار موستەفا ناتوانرێت جیا لەو دۆخە ببیندرێت کە ئەمڕۆ بەسەر زیندانیی ئێڤیندا زاڵە. گوشارەکان بۆ سەر زیندانییانی سیاسی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. سووکایەتیی و بێ ڕێزی بووەتە ڕەفتارێکی ڕۆژانە، دەستڕاگەیشتنیان بە کتێبخانە، بەشی ڕۆشنبیری و یانەی وەرزشی لێسەندراوەتەوە، کوالێتی و بڕی خۆراک کەمبووەتەوە، سیستمی هەواگۆڕکێی بەندەکان لە دۆخێکی خراپدایە و زیندانییان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کارگێڕییەکان و دیداری ڕووبەڕوو لەگەڵ خێزانەکانیان بێبەش کراون.

لە پاڵ ئەم بارودۆخەدا، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەناو زیندانەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. هەروەها بەرپرسانی زیندانەکە، بەرپرسیارێتیی ڕێکخستنی ناو بەندەکانیان سپاردووە بەو زیندانییانەی کە بە تۆمەتی دارایی و گەندەڵی لە زیندانن. بەپێی ئەوەی لەناو زینداندا ڕوو دەدات، ئەم کەسانە لە بەرامبەر پێدانی پارە بە بەرپرسانی زیندانەکە گەیشتوونەتە ئەم پێگەیە و لە بەرامبەردا، بە هاوکاریی بەرپرسانی زیندانەکە، لە سەپاندنی گوشار، دۆسیەسازی و دروستکردنی سنوورداری بۆ زیندانییانی سیاسی ڕۆڵ دەگێڕن.
ئێمە بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە دەخەینە ئەستۆی بەرپرسانی زیندانەکە، لەوانە «حوسێن یووسفی» (جێگری تەندروستیی زیندانەکە) و «حەمید مەحموودی» (بەڕێوەبەری بەندی ٧). ناڕەزایەتیی زیندانییان دژی بێبەشکردن لە چارەسەری پزیشکی، سووکایەتی پێکردن و گوشارە بەردەوامەکان، تا ئێستا تەنها بە زیاترکردنی ئەم گوشارانە وەڵام دراوەتەوە.

ئەم بەیاننامەیە ئاراستەی ڕای گشتی دەکەین، چونکە ئەوەی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا روودەدات، تەنها پرسی زیندانییان نییە. بێ پەنا هێشتنەوەی زیندانیی لە بەرامبەر نەخۆشیدا و بێبەشکردنی لە چارەسەر و دەرمان، ژیانی مرۆڤ دەکاتە ئامرازێک بۆ گوشارکردن. بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا، ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی خۆش دەکات.
ئێمە داوا لە کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، بنەماڵەی زیندانییان و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان دەکەین کە گیانلەدەستدانی «جەبار موستەفا» لە یاد نەکەن. داکۆکیکردن لە ژیانی زیندانییان و کۆتاییهێنان لە بێبەشکردنی پزیشکی، داخوازییەکی دەستبەجێ و بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتییە. بێلایەنی و بێدەنگی، تەنها تێچووی دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتانە بۆ ئەنجامدەرانی کەم دەکاتەوە.

کۆمەڵێک لە بەندکراوانی سیاسی لە زیندانیی ئێڤین

پووشپەڕی ١٤٠٥

کۆڵبەرنیوز

Next Post

تەعاونیەکان ئەزموونە جیهانییەکان، خاڵە بەهێز و لاوازەکان لە خزمەتکردن بە توێژە هەژارەکانی کۆمەڵگا

ش جولای 4 , 2026
پێنجی یولی بەرامبەر بە ١٣ی پووشپەڕ، بەپێی ڕۆژژمێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەک ڕۆژی جیهانیی تەعاونیەکان ناودێر کراوە. تەعاونیەکان شێوازێکن لە ڕێکخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە بەپێچەوانەی کۆمپانیا سەرمایەدارییەکان، نەک لەسەر بنەمای زۆرترین قازانج، بەڵکوو لەسەر پرەنسیپەکانی خۆبەخشی، خۆیارمەتیدان، خۆبەرپرسیارێتی، یەکسانی و هاوپشتی دامەزراون. تەعاونیەکان لە ماوەی زیاتر لە دوو سەدەی […]

بابەتی پەیوەندیدار