ماردین شوکری، کۆڵبەری شاری پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود بریندار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی برینداربوو. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە ماردین شوکری، ٤٢ ساڵان و خەڵکی گوندی «دشە»ی سەر بە شاری پاوەیە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ماردین شوکری، سەر و ملی بە سەختی برینداربووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواستراوەتەوە.
ماردین شوکری، خێزاندارە و باوکی ٢ منداڵە.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.