لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بێهنام گوڵشادنەژاد، هاوڵاتیی خەڵکی شاری بیستوون سەر بە پارێزگای کرماشان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە لە تاریکییەکی تەواودایە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بێهنام گوڵشادنەژاد لە ڕۆژی شەممە، ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە و بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستبەسەر کراوە. سەرەڕای بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە، دامەزراوە ئەمنییەکان تا ئێستا لە راگەیاندنی هەر وەڵامێک یان ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاسایی ناوبراو خۆیان پاراستووە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم هاوڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانیەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کراوە.
بەردەوامی ئەم بێ ئاگاییە تەواوە، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی جدی نزیکانی سەبارەت بە تەندروستی جەستەیی و چارەنووسی نەزانراوی ناوبراو.

