کۆنفرانسی جیهانیی کار، ئامرازێک بۆ پەردەپۆشکردنی هێرشی جیهانی بۆسەر چینی کرێکار

سەدوچواردیەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی “ڕێکخراوی جیهانیی کار” (ئای ئێڵ ئۆ) جارێکی تر لە شاری ژنێڤ لە وڵاتی سوئیس، پایتەختی دیپلۆماسیی جیهانی، بەڕێوە دەچێت. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک ساڵانی ڕابردوو، شوێنێکە کە تێیدا نوێنەرانی دەوڵەتەکان، خاوەنکاران و “نوێنەرانی کرێکاران” کۆدەبنەوە تا بە ڕواڵەت بۆ باشترکردنی دۆخی کار لە جیهاندا چارەسەرێک بدۆزنەوە. بەڵام لە پشت ئەم ڕواڵەتە فریوکارانە و پێکهاتە بەناو “سێقۆڵییەدا”، ڕاستییەکی تر شاردراوەتەوە: ئەم کۆنفرانسانە نەک هەر گرێیەک لە کێشە بێ‌کۆتاییەکانی چینی کرێکار ناکەنەوە، بەڵکوو خۆیان بوونەتە ئامرازێک بۆ ڕەواییدان بە هێرشی سیستماتیکی سەرمایە لەدژی هێزی کار.
پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی جیهانیی کار لەسەر بنەمایەکی سەرەکی بە ناوی “سێ لایەنەگەرایی” داڕێژراوە، بنەمایەک کە بەپێی ئەو، نوێنەرانی کرێکاران شانبەشانی نوێنەرانی دەوڵەتەکان و خاوەنکاران دادەنیشن. ئەم پێکهاتەیە، هەر لە سەرەتاوە، نایەکسانییەکی یاسایی نیشان دەدات. لەم هاوکێشەیەدا، نوێنەرانی کرێکاران هەمیشە لە کەمینەی ڕەهادان و لە بەرامبەر بەرەی یەکگرتووی دەوڵەتەکان (وەک پارێزەرانی نەزمی سەرمایەداری) و خاوەنکاران (وەک خاوەنانی سەرمایە)، هیچ هێزێکیان نییە بۆ بەرەوپێشبردنی ویست و داواکارییە ڕاستەقینەکانی خۆیان. تەنانەت ئەگەر وایدابنێین کە ئەو نوێنەرانەی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدارن، نوێنەری ڕاستەقینە و هەڵبژێردراوی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکارانیش بن (کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا وا نییە)، ئەم پێکهاتە لەپێشدا دیاریکراوە، هەر چەشنە هەوڵێک بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەبار دەبات. لە باشترین دۆخدا، ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە هۆی دەرکردنی بڕیارنامە بێ‌کاریگەر و پەیماننامەگەلێک کە جێبەجێکردنیان لە کۆتاییدا دەسپێردرێت بە ئیرادەی هەمان ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە دژەکرێکارییەن.
ئەم کۆبوونەوەیە لە بارودۆخێکدا بەڕێوە دەچێت کە چینی کرێکار لە سەرانسەری جیهان لەژێر توندترین گوشارەکاندایە. دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، لە دێموکراتیکترینیان واتە لە ڕۆژاواوە بگرە تا دیکتاتۆرییە دڕندەکانی ڕۆژهەڵات، لە پێشبڕکێیەکی بێوچاندا بۆ بەدەستهێنانی قازانجی هەرچی زیاتری سەرمایە، یاساکانی کار بە شێوەیەکی بەردەوام بە زیانی هێزی کار سەرلەنوێ دەنووسنەوە. خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانی و کۆمەڵایەتییەکان، کە خۆیان بەرهەمی چەندین دەیە خەباتی خوێناوی کرێکاران بوون، بە بیانووی “سیاسەتی ڕیازەت” واتە هەمان سیاسەتی سک هەڵگوشین لەناو دەبرێن. تەمەنی خانەنشینی بەرزدەبێتەوە، مووچەی خانەنشینی کەم دەبێتەوە و ئەمنییەتی پیشەیی بووەتە خەونێکی وەدینەهاتوو. گرێبەستە کاتیی و سپی‌ئیمزاکان، کرێکارانیان لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کردووە و لەشکری یەدەگی بێکارانی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر کردووە. هەژاری، نەخۆشییەکانی سەرچاوەگرتوو لێی و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و خۆکوژی، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەم سیستەمە چەوسێنەرەیە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرانی هەمان ئەو دەوڵەت و خاوەنکارانە دەستیان لەناو دەستی یەکتردایە، هیچی بۆ چینی کرێکار لێ سەوز نابێت.
بەڵام دۆخەکە بۆ کرێکارانی ئێران بە چەند قات لەوەش کارەساتبارترە. سەبارەت بە ئێران، بابەتەکە تەنیا کەمینەبوونی نوێنەرانی کرێکاران نییە، بەڵکوو بابەتەکە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لەژێر ناوی “نوێنەری کرێکارانی ئێران” لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن، نەک هەر هیچ پێوەندییەکیان بە چینی کرێکارەوە نییە، بەڵکوو خۆیان بەشێکن لە دام و دەزگای سەرکوت و کۆنترۆڵکردنی کرێکاران. ئەم کەسانە، مۆرەی هەڵبژێردراوی دامەزراوە ئەمنیی و حکومەتییەکانن لە ناو دڵی ڕێکخراوە زەرد و حکومییەکانی وەک “خانەی کارگەر” و “شۆڕا ئیسلامییەکانی کار”.
لە پەروەندەی ئەم “نوێنەرانەدا” پێشینەیەکی زەق و بەرچاو لە مانگرتن‌شکێنی پیشەیی، پەروەندەسازی بۆ چالاکانی کرێکاریی سەربەخۆ و ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانە بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان تۆمار کراوە. ئەمانە هەمان ئەو کەسانەن کە لە کۆبوونەوەکانی “شۆڕای باڵای کار”دا وەک شەریکی تاوانی دەوڵەت و خاوەنکارەکان، حەقدەستی چەندین هێندە لەژێر هێڵی هەژاری بەسەر ملیۆنان کرێکاری ئێرانیدا دەسەپێنن و بە ئیمزای خۆیان، گرێبەستە کۆیلە ئاسا و کاتییەکان، بە یاسایی دەکەن. ئەم کەسانە، هێمای خیانەت بە چینی کرێکار و هاوکاری لەگەڵ دوژمنی چینایەتین.
شەرمەزارانەتر لە بەشداری ئەم بەکرێگیراوانە لە کۆبوونەوەی ژنێڤدا، بریتییە لە شێوازی مامەڵەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە قبووڵکردنیاندا.

لە کاتێکدا فیدراسیۆن و سەندیکا باوەڕپێکراوەکانی کرێکاران لە سەرانسەری جیهان چەندین جار کۆماری ئیسلامییان بەهۆی سەرکوتی دڕندانەی کرێکاران، زیندانیکردنی چالاکان و پێشێلکردنی سیستماتیکی پەیماننامە بنەڕەتییەکانی خودی “ئای ئێڵ ئۆ” مەحکوم کردووە، بەڵام ئەم ڕێکخراوە بەوپەڕی بێباکیی بەرامبەر بەم ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییانە، ساڵانە فەرشی سوور بۆ ئەم شاندە حکومییە ڕادەخات. ئەم کارە، هیچ شتێک نییە جگە لە هاودەستی لەگەڵ ڕژێمێکی کە دوژمنایەتییەکەی لەگەڵ مافە بنەڕەتییەکانی کرێکاران بۆ هەموان ئاشکرایە. ڕێکخراوی جیهانیی کار بەم کارەی، نەک هەر مەشروعییەت دەدات بە سەرکوت لە ئێران، بەڵکوو چەمکی “نوێنەرایەتیکردنی کرێکاران”یش دەخاتە بە گاڵتە دەگرێت.
ئەم کۆبوونەوانە، بۆ کرێکارانی خەباتگێڕی ئێران و هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست، هیچ بایەخێکیان نییە. ڕێگەی ڕزگاریی چینی کرێکار نەک لە هۆڵە ڕازاوەکانی ژنێڤ و لۆبیکردن لەگەڵ بیرۆکراتە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکوو لە ناو دڵی ڕێکخراوی سەربەخۆ، مانگرتنی سەرانسەری و خەباتی شێلگیرانە و بەردەوام لەناو کارگە و سەر شەقامەکانەوە تێدەپەڕێت. تەنیا بە پشتبەستن بە هێزی ڕێکخراوی خۆمان دەتوانین ئەم نەزمە ستەمکارانەیە تێکبشکێنین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

پیرانشار؛ بەردەوامیی بێ ئاگایی لە چارەنووسی سەباح بێوارە دوای ٢٣ ڕۆژ دەستبەسەرکردن

ش ژوئن 6 , 2026
لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەباح بێوارە، گەنجی خەڵکی پیرانشار، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتنی، دۆخی یاسایی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٥، سەباح بێوارە، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی «کەڵەکین» سەر بە شاری پیرانشار، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ […]

بابەتی پەیوەندیدار