
لەگەڵ تێپەڕبوونی ٢٣ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی سەباح بێوارە، گەنجی خەڵکی پیرانشار، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتنی، دۆخی یاسایی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٥، سەباح بێوارە، تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی گوندی «کەڵەکین» سەر بە شاری پیرانشار، بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر ماڵی باوکی و بەبێ بڕیاری دادوەر، دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیی تا ئێستا تەنها یەکجار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هەبووە. هۆکارەکەی ئەوەیە کە لەم ماوەیەدا لە مافی پارێزەر، چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو لەگەڵ بنەماڵەکەی و مافە یاساییەکانی تری بێبەش کراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی سەباح بێوارە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر دۆخی ناوبراو تا ئێستا بێوەڵام بووە و دەزگا بەرپرسەکانیش هیچ وەڵامێکی ڕوونیان لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی یان دۆخی دۆسیەکەی نەداوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردنی سەباح بێوارە هێشتا نادیارە و دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاونەکردووە.

