عوسمان ئیسماعیلی کێیە، بۆچی زیندانی کرا؟

ڕاپۆرتێک لە دوایین دۆخی عوسمان ئیسماعیلی لە زیندان

نووسەر: زانا سەعیدزادە

وەرگێڕان لە فارسی: ڕۆمان میرەکی

عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری نیگارکێشی سەقز، کە دوو دەیە و نیوی تەمەنی لە دوورخرانەوە بەسەر بردووە و چەندین ساڵ لە زینداندا بەسەر بردووە، دوایین بارودۆخی لە زینداندا چۆنە؟

هەموو ساڵێک لە ١ی ئایار و ٨ی مارس و بۆنەکانی دیکەدا، دەنگی عوسمان ئیسماعیلی و هاواری بۆ یەکسانی لە سەقز و کوردستان وەک هێمای بزووتنەوەی کرێکاری دەنگ دەداتەوە. هاوارێک نەک هەر بە هۆی توڕەیی و بوێری، بەڵکو بەهۆی ئیرادەیەکی پتەو بۆ بڕیاردان و بەرز ڕاگرتنی مافەکانی چینێک. بۆ ئازادی هاوار دەکات، چ لەسەر شەقام بێت یان لە زیندان. ئەم نووسینە کورتە چیرۆکی نیگارکێشێکی سەقزە کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ بەرەنگاری ستەم بووەتەوە و بە زیندان و دوورخرانەوە باجەکەی داوە.

٢٥ ساڵ ژیان لە دوورخرانەوە

لە ساڵی ١٩٨٦ عوسمان ئیسماعیلی لە کاتی سەرکوت کردنی نەیارانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرمان بە ٢٥ ساڵ دوورخرانەوە سزا درا. تەنانەت لەم قۆناغەدا کە ناچار بوو وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت، کۆڵی نەدا و وەک چالاکێکی کرێکاری بەردەوام بوو لە ژیانێکی شەرەفمەندانە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خەباتی خۆیدا. ئاراستەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەو هەمیشە ڕوون بوو. “بەرگری لە چینی کرێکار و مافی یەکسانی هەموو مرۆڤەکان”؛ نە وشەیەک زۆر و نە وشەیەک زۆر کەم. دوور لە زێدی خۆی و ژیان لە شاری کرمان ڕەنگە تەنیا بەشێک بووبێت لەو ئاستەنگیانەی لەم خەباتەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە. دواتر پاش کۆتایی هاتنی سزای دوورخرانەوە گەڕایەوە سەقز لە چاودێری ناوەندەکانی ئەمنی بوو.

یەکەمی “مانگی ئایار” لە سەقز

یەکەمی مانگی ئایار لە سەقز هەمیشە یەکێک لە ڕێوڕەسمە گرنگ و چینی کرێکاری ئەم شارە سەربەخۆ لە هەموو دەزگاکانی حکومی و ناحکومی ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرتووە، یەکێک لەو کەسانەی بەردەوام ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرێت، عوسمان ئیسماعیلییە؛ کەسێک کە وتار و دەنگی هێزی دڵی کرێکارانی سەقزە و هۆکاری ترسی ڕژێم بێت.

لە ١ی ئایاری ٢٠١٧، ئیسماعیلی لە یەکێک لەو ڕێوڕەسمانە دەستگیرکرا. یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی لەو ساڵەدا دەڵێت ” لە بەشی کەرەنتینەی زیندانی ناوەندی سەقز لەگەڵ عوسمان ئیسماعیلی هاوڕێی نزیک بووین ”. ئیسماعیلی یارمەتی ئەو بەندکراوانەی دەدا کە بۆ یەکەمجار زیندانی کران یان کێشەیان هەبوو، بۆ ئەوەی بەرامبەر ئازارەکانی زیندان کۆڵنەدەن. بەرگری لە مافەکانیان دەکرد و هەمووان خۆشیان دەویست. لەو ساڵەدا بیری لە مامۆستایانی ناو زیندانیش کردەوە و بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستا لە ئێران پەیامێکی لە زیندانی سەقزەوە لەو پێوەندییەدا بڵاو کردەوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢، بە بۆنەی ١ ئایار، عوسمان ئیسماعیلی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا، بە ١٠ جار پشکنینی ماڵەکەی، دواتر بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازادکرا. دەستگیری ناوبراو تەنها ئەم دوو جارە نییە، بەڵکو لە ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٥، ٢٠١٧، ٢٠٢١، ٢٠٢٢، ٢٠٢٣ و چەندین جار بە هۆکاری جیاواز، هێزەکانی ڕژێم دەستگیریان کردووە و هەندێک جار بۆ ماوەیەکی زۆر بەند کردووە، بەڵام ئەمە هەرگیز نەیتوانیوە لە خەبات دووری بخاتەوە.

ئامادەیی ئیسماعیلی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکار لە سەقز سەرەڕای گوشار و ڕێگری بێشوماری دەزگاکانی ئەمنی، بڕوای ناوبراو بە ئامانجەکانی ئەم چینە نیشان دەدات.

گوتارێک لە پرسەی ژینا ئەمینی

یەکێک لە بەردەوامترین  و خەمناکترین ساتەکان لە سەقز، ئامادەیی  زۆری خەڵکی ئەم شارە و شارەکانی کوردستان و ئێرانە لە ڕێوڕەسمی پرسەی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی؛ لەو کاتەی دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی ” بوو بە دروشمی ڕاپەڕینێکی گەورە لە سەرتاسەری ئێراندا.

یەکێک لە گوتاربێژانی پرسەی ژینا ئەمینی کە ناوەکەی بوو بە هێما، عوسمان ئیسماعیلی بوو کە بە دەنگی بڵند باسی یەکسانی ژن و پیاو و ئازادی مرۆڤی کرد. قسە کاریگەرەکانی لەناو کۆمەڵانی ماتەمگێڕ و خەباتکاراندا وایکرد کە جارێکی دیکە دەستگیرکرا و دۆسیەی دادگە لە دژی تۆمارکرا؛ ڕووداوێک کە لە حەوت دەیەی ژیانی ئەم نیگارکێشەدا چەندین جار دووبارە  بووەتەوە.

ئیسماعیلی لە ڕێبەندانی ٢٠٢٢ بە بێ فەرمانی دادگە لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستگیرکرا و بۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەندی ئەمنی لە شاری سنە گوازرایەوە، پاشان لە گوڵانی ٢٠٢٣ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تومەن تا کۆتایی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەی کاتی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا. بەجۆرێک کە دووبارە  بوونەوەى دەستە بڵندەکانی وەک نیشانەى سەرکەوتن بۆ چەندین جار لە بەردەم زیندانى سەقز تۆمارکرا.  

دوایین دەستگیری و تۆمەتی ئەندامێتی لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ خەرمانانی ٢٠٢٣، دانیشتنی دادگە دەربارەی تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی لە دادگەی سەقز بە ئامادە بوونی سێ دادوەر و پارێزەرەکەی بەڕێوەچوو. ئیسماعیلی لەم خولەی دادگەدا بەرگری لە خۆی کرد لە بەرامبەر تۆمەتەکانی “ئەندامێتی لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و پڕوپاگەندە  دژی ڕژێم” و هەموو ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کرابوون ڕەتکردەوە.

لە هەمان دادگە بە تاوانی ململانێی چینایەتی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و دادگایی کرا، وەڵامی کرێکاری نیگارکێش ڕوون بوو؛ بەرگری لە بزووتنەوە  و چینی کرێکار و ناڕەزایی لە نادادپەروەری. لە خەزەڵوەری ٢٠٢٣ بە ئاگادارکردنەوە  سزای ١٦ مانگ زیندانی عوسمان ئیسماعیلی کە لەلایەن دادگەی شۆڕشی شاری سەقزەوە دەرچووبوو، لەلایەن دادگەی باڵا پشتڕاستکرا  و لە ٢٢ خەزەڵوەری ٢٠٢٣ بۆ تێپەڕانی سزاکەی بۆ زیندان گواسترایەوە .  

پێشتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگەی شۆڕشی ئیسلامی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفایی، عوسمان ئیسماعیلی بە تۆمەتی ” ئەندامێتی لە کۆمەڵە ” بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری و ناوبراو بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕژێم بە بەشداری و گوتار لە پرسەی ژینا ئەمینی” بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی سزای بەسەردا سەپێندرا.

لە کۆتاییدا ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای “بوونی هەلومەرجی ئاسانکەر لە مادەی ٣٨ یاسای سزادانی ئیسلامیدا هاتووە و لە ساڵی ٢٠١٣ پەسەندکرا”،  لەوانەش تەمەنی تۆمەتبار و هاوسەرگیری، وە مادەی شەشەمی یاسای کەمکردنەوەی زیندانی تەعزیری لە ساڵی ٢٠٢٠ پەسەند کرا لەسەر بنەمای ماددەی ٣٧ یاسای سزای ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٣ پەسەند کرا، بۆ ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری کەمکرایەوە، بە ڕۆژانی دەستگیری پێشووەوە.

بەرگری لە خەباتی بەردەوامی کرێکاری نیگارکێش

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەرکاتێک عوسمان ئیسماعیلی لە زیندان دەرچووبوو یان تەنانەت لە زیندانیشدا، هەنگاوی کاریگەری دەنا بۆ بەرگری لە کرێکارانی بەندکراو، دژایەتی سێدارەدان و هاودەنگی لەگەڵ خەباتگێڕان لە ئێراندا دەکرد، ڤیدیۆی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، بە تەنیا لە گۆڕەپانێکی شاری سەقزدا وەستاوە و بە زمانی کوردی لەگەڵ هاوڵاتیاندا باس لە پێویستی خەباتی کرێکاری و چینایەتی دەکات. هەروەها وێنەی ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی کرێکار له ساڵانی ڕابردوودا که خۆی و مەحموود ساڵحی بەشێکی بەردەوام بوون لەوێدا. ئێستا کە بەند کراوە، کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی کۆمیتەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوبراو و دەیانەوێت ئازاد بکرێت یان لانیکەم مافی وەرگرتنی چارەسەری هەبێت. یەدوڵڵا سەمەدی وتەبێژی کۆمیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی دەڵێت؛

دەستپێکی پێکهێنانی کۆمیتەی بەرگری لە عوسمان ئیسماعیلی دەگەڕێتەوە بۆ دەرکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵا کە سزای ساڵێک و چوار مانگ زیندانی بەسەریدا سەپێندرا و لە ٨ خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن ناوبراو پێشنیارکرابوو و بە هەوڵی بنەماڵەکەی و کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری بە تایبەت مەحمود ساڵحی پێک هات. ئەندامانی کۆمیتەکە یەدوڵا سەمەدی وەک وتەبێژ ناساند و کۆمیتەکە بە فەرمی لە ٢٨ خەزەڵوەردا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی ژمارە یەک دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

عوسمان ئیسماعیلی لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە بە ڕوونی هەڵوێستی لە دژی زیندان و ئەشکەنجە و سێدارەدان نواندووە؛ هەروەها ئەندامانی دیکەی کۆمیتەی بەرگری ناوی ناسراون لە خەباتی کرێکاریدا. وتەبێژی کۆمیتەی بەرگری عوسمان ئیسماعیلی هەروەها دەڵێت؛

ئەم کۆمیتەیە بە تایبەتی سەرنجی لەسەر دۆخی گشتی ئیسماعیلیە کە لە زینداندایە، بەڵام یەکێک لە ئامانجەکانی پێکهێنانی کۆمیتەی بەرگری ئەوەیە کە سەرەڕای بەندکردنی، پەیوەندی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگا و ڕووداوەکانی نەپچڕێت.

دوایین دۆخی تەندروستی عوسمان ئیسماعیلی چییە؟

عوسمان ئیسماعیلی نەخۆشە. لەم دواییانە کۆمیتەی بەرگری هۆشدارییان سەبارەت بە تەندروستی جەستەیی ناوبراو داوە. میدیا و ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ کە چاودێری بارودۆخی کوردستان دەکەن ڕایانگەیاند کە تەندروستی جەستەیی ناوبراو لە زیندان لە مەترسیدایە و بەرپرسانی زیندان ڕێگری دەکەن لە وەرگرتنی  چارەسەری پزیشکی بۆ چالاکی کرێکاری نیگارکێشی سەقز.

سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئیسماعیلی لە زیندان، یەدوڵا سەمەدی دەڵێت؛

دۆخی تەندروستی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نەخۆشیەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، تەواو مەترسیدارە و بەپێی پشتڕاست کردنەوەی پزیشکانی دادوەری سەقز لە ٣ بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، ئیسماعیلی پێویستی بە نەشتەرگەری و چارەسەری بەپەلە هەیە بۆ نەخۆشی فتقەکەی، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری ڕەتی دەکەنەوە فەرمانی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە بدەن؛ بۆیە لە ١١ بەفرانبار بە مەبەستی چارەسەر بۆ زیندانی ئەڤین  گواسترایەوە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئەڤین بەهۆی هەڵەیەکی تایپۆگرافی لە نامەی داواکاری گشتی سەقزدا ئیسماعیلی قبوڵ نەکرد.

بە وتەی سەمەدی، دوای ئەوەی ئیسماعیلی گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندی سەقز، دەسەڵاتی دادوەری ئەو شارە ڕایانگەیاند؛ “بە زووترین کات بۆ نەشتەرگەری دەیگوازنەوە  بۆ شاری سنە”، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا بەهۆی درێژبوونەوەی کات بەڵێنی دەسەڵاتدارانی دادوەری بۆیە نیگەرانی زیاد کردووە.

  بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلی لە ڕێگەی بەدواداچوونی بەردەوامەوە ئاگادارکرانەوە کە دەزگاکانی ئەمنی و دادوەری کوردستان هەموو جارێک بە بیانوو پرۆسەی چارەسەری ئەم بەندکراوە بە ئەنقەست دوادەخەن. وتەبێژی کۆمیتەی بەرگری عوسمان ئیسماعیلی لەکاتی پشتڕاست کردنەوەی ئەم بابەتە دەڵێت؛

  لە دوایین سەرداندا، دادوەری لقی دووی جێبەجێکردنی سزاکانی سەقز بە بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلی ڕاگەیاندووە کە دۆسیەکەیان لە پزیشکی دادوەری سنەیە و چاوەڕێی فەرمانی کۆتایی لە پزیشکی دادوەری سنە دەکەین، بەڵام هەر زوو زانیمان کە پزیشکی دادوەری سەقز لە ٢٤ بەفرانبار بەڵگەنامەی پزیشکی عوسمان ئیسماعیلی بۆ سنە ناردووە و پزیشکی دادی سنەش وێڕای پشتڕاست کردنەوەی بارودۆخی سەختی ناوبراو، لە ٢٦ بەفرانبار نامەکەی بۆ سەقز گەڕاندەوە. واتە لایەنی پەیوەندیدار لە سەقز نزیکەی مانگێک ئەم نامەیەی لە ئیسماعیلی و بنەماڵەکەی شاردەوە.

لە زینداندا، دوای بەدواداچوونی بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلی و ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی بەرگری، دواجار عوسمان ئیسماعیلی لە دوایین ڕۆژەکانی ڕێبەندان بۆ زیندانی سنە گواسترایەوە بۆ ئەوەی لە چاودێری پزیشکیدا بێت، وتەبێژی کۆمیتەی بەرگری دەڵێت؛

دوای ئەنجامدانی پشکنینی سەرەتایی لە پزیشکی دادوەری سنە گواسترایەوە بۆ بەشی کەرەنتینەی زیندانی سنە، بەرپرسانی زیندانی سنە بە ئیسماعیلیان گوتوە کە پێویستە تێچووی پشکنین و چارەسەری خۆی لە ئەستۆ بگرێت چونکە ئیسماعیلی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی سنە وەرگیراوە، کەوایە ناتوانرێت دەستبەجێ لە زینداندا هەژماری بانکی بۆ بکرێتەوە و بڕە پارەی پێویست لە پارەی نەختی یان کارتی بانکی بۆ دابین بکرێت و دەست بە پرۆسەی چارەسەری بکرێت.

وتەبێژی کۆمیتەی بەرگری عوسمان ئیسماعیلی ئەم کارەی دەزگاکانی ئەمنی و دادوەری بە نموونەیەکی ڕوونی ئەشکەنجە و هەراسان کردنی ئەم بەندکراوە دەزانێت.

ئێستا ناوبراو بەرگەی ئازارەکانی زیندان و نەخۆشی دەگرێت و لە وەرگرتنی مافی چارەسەری پزیشکی بێبەشە، چونکە ڕێکخراوانی زیندان ئامادە نین تێچووی چارەسەری بۆ دابین بکات و ڕێگری لە دابینکردن و تێچووی چارەسەری ناوبراو دەکات.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

تاران؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە گواستنەوەی فواد فەتحی چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە لە زیندانی ئێوینەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی

د ژانویه 8 , 2024
فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بەندکراوی زیندانی ئێوین، بەهۆی باری جەستەیی ناجێگیرەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی شاری تاران گواسترایەوە و دوای چەند کاتژمێرێک گەڕێندرایەوە زیندان. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بەپشت بەستن بە کومیتەی پارێزگاری لە عوسمان ئیسماعیلی، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە و  […]

You May Like