
عیسا فەیزی، هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران، دوای ڕۆشتنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی دوو کەس لە کەسوکارە دەستبەسەرکراوەکانی، لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆەردانی ١٤٠٥، عیسا فەیزی بە مەبەستی زانیاریگرتن لەسەر دۆخی «کەژاڵ ڕەحمانی» و «دانیال ڕەحمانی» کە چەند کاتژمێرێک پێشتر لەلایەن هێزەکانی ڕژێم دەستبەسەر کرابوون، سەردانی بەشی هەواڵگری ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانی کردبوو. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێزەکانی ڕژێم دوای ئامادەبوونی ناوبراو لەو ناوەندەدا، دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانیی برای، کە کەسوکاری عیسا فەیزیین، پێش دەستبەسەرکرانی ناوبراو، لە کاتی هێرشی هێزەکانی ڕژێم بۆ سەر ماڵەکانیان لە کامیاران دەستبەسەر کرابوون.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنی عیسا فەیزی، کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژیان، لەبەردەستدا نییە.
بەردەوامیی بێدەنگبوون و بێ ئاگایی لە دۆخی ئەم هاووڵاتییانە، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی بنەماڵەکانیان. هەروەها ئەم کەسانە تا ئێستا لە مافی پارێزەر، پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکانیان و ئاگاداربوون لە ڕەوتی دۆسیەکەیان بێبەش کرابوون.

