موحسێن کامیاب و موسلم کامیاب، دوو برای خەڵکی سونقور سەر بە کرماشان، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، موحسێن کامیاب و سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، موسلم کامیاب بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ ماڵەکەیان و بەبێ بڕیاری دادوەر بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. تاکاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژیان، شوێنی زیندانیکران و دۆخی جەستەیی ئەم دوو برایە لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنی و دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراوە.
بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری موحسێن کامیاب و موسلم کامیاب هێشتا بێئەنجام ماوە و ئەمەش نیگەرانی بنەماڵەکەی سەبارەت بە سەلامەتی و چارەنووسی ئەوان زیاتر کردووە.

