سەلام عارف خانلوڕی، هاوڵاتی خەڵکی دەڕەشار سەر بە شاری ئیلام، بەبێ بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی دۆخ و چارەنووسی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز دووشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، سەلام عارف خانلوڕی لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گواسترایەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانیی ئەم هاوڵاتییە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتەکانی دژی، شوێنی زیندانیکران و دۆخی جەستەیی ناوبراو لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنی و دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕانەگەیەندراوە.
بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکاری سەلام عارف خانلوڕی تا ئێستا بێئەنجام ماوە و ئەمەش نیگەرانی ئەوانی سەبارەت بە سەلامەتی و چارەنووسی ناوبراو زیاتر کردووە.

