هەورامان؛ گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێک بەهۆی ڕنووی بەفرەوە

بەهۆی ڕنووی بەفرەوە لە دەوروبەری بەرزایی ژاڵانە، کۆڵبەرێک گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بەهۆی ڕنووی بەفرەوە لە دەوروبەری بازگەی ژاڵانە، لە ڕێگای کۆتایی بۆ ناوچەی تەتەی هەورامان، کۆڵبەرێک لە ژێر بەفرێکی زۆردا گیری خواردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێزە فریاگوزارییەکان و کۆمەڵێک لە خەڵکی گوند و کۆڵبەرانی گەنج سەرکەوتوو بوون ئەم کۆڵبەرە لەژێر بەفردا بهێننە دەرەوە، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی، ئەم کۆڵبەرە گیانی لەدەستدا.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە «ئەمین حسێنی» خەڵکی گوندی دەرەکی سەربە شاری سەوڵاوایە، خێزاندارە و باوکی ٤ منداڵە.

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بە کۆی گشتی ٣٤٥ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژرا و بریندار بوون. لەم ڕێژەیە ٥٩ کۆڵبەر واتە (١٧٪) کوژراو و ٢٨٦ کۆڵبەر واتە (٨٣٪) بریندار بوون. لە کۆی گشتی ئەو ٣٤٥ کۆڵبەرەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا کوژراو و بریندار بوون، ٢٥٩ حاڵەت واتە (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم ڕوویداوە. هەروەها لەم ژمارەیە ٢٢ کۆڵبەر واتە (٦٪) منداڵانی کۆڵبەری ژێر ١٨ ساڵ بوون کە یەکێکیان بەهۆی سەرما و بەستەڵەکەوە گیانی لە دەستداوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ بەردەوامی مانگرتنی ئیبراهیم محەممەدی و گواستنەوەی بۆ زیندانی تاکەکەسی

د فوریه 10 , 2025
ئیبراهیم محەممەدی، زیندانی سیاسی لە زیندانی شاری سنە کە مانیگرتبوو، ڕۆژی شەممە بۆ زیندانی تاکەکەسی گواستراوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئیبراهیم محەممەدی، بۆ زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی شاری سنە گواستراوەتەوە.بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گواستنەوەی ئەم هاوڵاتییە بۆ زیندانی تاکەکەسی، ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەنجامدراوە. ناوبراو لە دوازدەی ڕێبەندان لە ناڕەزایەتی دژی […]

You May Like