دادگای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی “عەبدوڵڵا ڕەزایی”، چالاکی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سەندیکایی پەروەردەکارانی هەرسین، لە بەشی یەکەمی دادگای ئینقلابی کرماشان بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی کوڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤، کۆبوونەوەی دادگای لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی “عەبدوڵڵا ڕەزایی”، چالاکی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سەندیکایی پەروەردەکارانی هەرسین، لە بەشی یەکەمی دادگای ئینقلابی کرماشان بەڕێوەچوو.
ئەم مامۆستا و چالاکە سەندیکاییە بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە نایاساییەکانەوە” دادگایی کرا و لە کۆبوونەوەی دادگاکەدا، دوایین بەرگرییەکانی خۆی پێشکەش کرد.
پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی عەبدوڵڵا ڕەزایی لەژێرناوی هەمان تۆمەت لە دادگای گشتی و ئینقلابی شاری هەرسین بەڕێوەچووبوو. ناوبراو دوای ڕوونکردنەوەی تۆمەتەکەی، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەن بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا.
شایەنی باسە، ئەم دۆسیەیە بە سکاڵای ڕێکخراوی زانیارییەکانی سوپای پاسدارانی پارێزگای کرماشان لە دژی ئەو کراوەتەوە.
عەبدوڵڵا ڕەزایی لە بەرواری ١٥ی ڕەشەممەی ١٤٠٣، بانگهێشتنامەیەکی لە دامەزراوە دادوەرییەکانەوە وەرگرتبوو.
عەبدوڵڵا ڕەزایی، چالاکی سەندیکای مامۆستایان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سەندیکایی پەروەردەکارانی شاری هەرسین پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانی خۆیەوە، بەرخوردی دادوەریی هەبووە.