لە دوای ڕوودانی ڕووداوی کرێکاری لە سێ شاری سەقز، کەرەج و هەلیلان، چوار کرێکار بەهۆی بارودۆخی نەگونجاوی ئەمنییەتی ژینگەی کارەوە تووشی زیانی جدی بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کوڵبەرنیوز، لە ڕووداوێکدا کە ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٤ لە سەقز ڕوویدا، کرێکارێکی پاکژکردنەوە بە ناسنامەی “محەمەد فەیزئاوایی”، لە کاتی کارکردن لە نزیک پردی ڕێگاپەڕی بۆلواری کوردستان بەهۆی بەرکەوتن بە ئۆتۆمبیلێکەوە بە توندی برینداربوو. ئەم کرێکارە دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی شەفای سەقز بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
هەروەها لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دوو کرێکار دوای ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەی چاككەرەوەیەکی ئۆتۆمبیل لە کەرەج تووشی سووتان بوون. ڕووداوەکە لە ٤٥ مەتریی گولشەهر، بۆلواری حەدادی و سەرەتای شەقامی ئەبازەری کەرەج ڕوویدا و بووە هۆی برینداربوونی دوو پیاوی ٥١ و ٥٧ ساڵ کە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.
لە ڕووداوێکی تردا لە شارۆچکەی هەلیلان، شۆفێرێکی کۆمباین لە کاتی پێدانی خزمەتگوزاری بە ئەمباری ئامێرەکە، بەهۆی گیرکردنی “دەست”ی لە مۆتۆری کۆمباینەکە، بە سەختی برینداربوو. ئەم ڕووداوە لە یەکێک لە گوندەکانی شارۆچکەی هەلیلان ڕوویدا و سەرەڕای هەوڵە فریاگوزارییەکان، ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەستدا.
شایانی باسە کە لە ساڵی ١٤٠٣دا، لایەنی کەم ٢٠٤٢ کرێکار بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەستداوە و لایەنی کەم ١٦١١٣ کرێکاریش بەهۆی ڕووداوەکانی ژینگەی کارەوە برینداربوون.
ئێران لە بواری بەجێهێنانی مەسەلەکانی ئەمنییەتی کار لەنێو وڵاتانی جیهاندا پلەی ١٠٢ی هەیە، کە پلەیەکی زۆر نزمە.