دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەی ئێستا 

ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەی ئێستای ئێران کە لە ناڕەزایەتی بە گرانی و دابەزینی بەهای دراوی فەرمی دەستی پێکرد، خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی خەبات و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا. ئەم بزووتنەوەیە هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەتی ناوازەیە کە لە ناڕەزایەتییەکانی پێشووی جیا دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک پرسیاری جددی سەبارەت بە داهاتووی سیاسی ئێران دەوروژێنێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ئاخێزەی ئێستا بریتییە لە پێکهاتەی بەربڵاو و هەمەچەشنی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی بەشدار لەو ئاخێزە دا. ئەم بزووتنەوەیە بە پێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو کە زۆرتر یەک یان چەند گرووپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی لەخۆ دەگرت، بەشێکی بەربڵاو لە کۆمەڵگای لەخۆگرتووە، لەوانە: خوێندکاران کە بەردەوام پێشەنگی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بوون، کرێکاران کە بڕبڕەی پشتی ئابووری ئێران پێکدەهێنن و لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکانی ئەم سەردەمەدا ڕۆڵێکی سیاسیی بەرچاویان بینیوە، ژنان کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا هەبووە، کاسبکاران و بازاڕیان بەو پێگە و کاریگەرییە ئابوورییەی کە هەیانە، پەراوێزنشینانی شارەکان و خانەنشین و فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەموویان لەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەدا بەشدارن. کاتێک چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بە بەرژەوەندی و کەڵکەڵەی جیاوازەوە، لە دەوری داواکارییەکی هاوبەش کۆدەبنەوە، بە مانای شکستێکی بنەڕەتییە لە بناغەکانی دەسەڵاتی ڕژێمدا. بەشداری بازاڕیان کە بە شێوەیەکی نەریتی بە پێگەی پارێزخوازی ڕێژیم دادەنران و هەروەها فەرمانبەرانی دەوڵەت کە مووچەخۆری ئەو سیستەمەن، نیشانەی داڕمانی پێگە پشتیوانییەکانی ڕێژیمە. ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە هەمەچەشنە، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هێز و مەشروعییەتی بزووتنەوەکە زیاتر دەکات، هەندێک ئاڵەنگاریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. 

کۆمەڵگای ئێرانیش وەک هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، کۆمەڵگەیەکی چینایەتییە و چین و توێژە جیاوازەکان خاوەن ویست و داواکاری و ئەولەویەتی جیاوازن. دروستکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان داواکاری و ئەولەویەتە جیاوازەکان بەمەبەستی پاراستنی یەکڕیزی، یەکێکە لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکانی بەردەم ئەم بزووتنەوەیە. یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بریتییە لە نەبوونی ڕێبەرایەتییەکی ناوەندیی لە ئاستی سەرتاسەری دا. ئەگەرچی لە ئاستی ناوچەیی و گەڕەکەکاندا سیما و ڕێبەرانی ناسراو بوونیان هەیە کە توانیویانە ناڕەزایەتییەکان ڕێکبخەن، بەڵام لە ئاستی سەرتاسەریدا هیچ کەس و حیزب و گروپێکی دیاریکراو ڕێبەرایەتی بزووتنەوەکە ناکات. کوردستان خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیاریکراوە کە تا ڕادەیەک لەم بواردا ئیستسنایە. ئەم هەلومەرجە گشتییەی بزووتنەوەکە لە ئاستی سەرتاسەریدا لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تایبەت بەخۆی هەیە. لە لایەکەوە بزووتنەوەکە لە بەرامبەر سەرکوتی ئامانجداردا خۆڕاگرتر دەکات، بەجۆرێک کە ڕژیم ناتوانێت بە دەستبەسەرکردنی یەک یان چەند کەس لە ڕێبەران، بزووتنەوەکە دابمرکێنێتەوە. هەروەها ئەم پێکهاتەیە ڕێگە دەدات تاکتیک و داهێنانی نوێ و هەمەچەشن لە ئاستە جیاوازەکاندا شکڵبگرن و بزووتنەوەکە پۆتانسێلێکی زیاتر لەخۆی نیشان بدات.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووخانی هەر ڕژێمێکی سەرەرۆ و پاوانخواز، بریتییە لە داڕمانی دام و دەزگا سەرکوتگەرەکەی. مێژوو دەریخستووە کە کاتێک هێزە ئەمنی و نیزامییەکان سەرپێچی لە فەرمانەکان بکەن، ڕیزەکانی ئەرتەش جێ بهێڵن یان لە کوشتاری خەڵک خۆ ببوێرن، واتە کۆتایی دەسەڵات نزیکە. بەردەوامبوونی ئەو بزووتنەوەیە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەڵوەرینی و ماندوو کردنی هێزەکانی دوژمن. تێکەڵەیەکی داهێنەرانە و هۆشیارانە لە پێشڕەویی، بەرگریی و پاشەکشە، لە هەمان کاتدا کە دەرفەتی خۆڕێکخستن بە بزووتنەوەکە دەدات، هاوکات زەمینە بۆ هەڵوەرینی هێزەکانی دوژمن خۆش دەکات. هەر ناڕەزایەتییەکی ڕۆژانە، هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی شەوانە و هەر خۆپیشاندانێکی سەر شەقام، وردە وردە ورەی هێزە سەرکوتگەرەکان لاواز دەکات. پاسداران و بریکاراکانیش ئینسانێکن خاوەن بنەماڵە و هەست و ویژدان و لەناو کۆمەڵگادا دەژین و چاویان بە چاوی دەر و هاوساکانیانەوەیە، بێ گومان ژمارەیەکیان بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبنەوە کە ئایا دەبێ پابەندی فەرمانەکان بن، یان لە بەها مرۆییەکانی خۆیان پەیڕەوی بکەن. بەڵام بەم حاڵەشەوە دەبێت واقیعبینانە دان بەوەدا بنێین کە هێشتا هیچ نیشانەیەکی ڕوون لە دوودڵی و ڕاڕایی ئەوتۆ لە ناو هێزە ئەمنییەکاندا دروست نەبووە سەبارەت بە بەکارهێنانی سەرکوتی توند و ڕێژیم هەروا بەردەوامە لە بەکارهێنانی توندوتیژیی سیستماتیک بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان.

 خاڵی جێگای سەرنج بریتییە لە بەکارهێنانی هێزە پرۆکسییە بیانییەکان لەلایەن ڕژێمەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

تاران؛ کوژرانی ڕۆبینا ئەمینیان، خوێندکارێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان

ی ژانویه 11 , 2026
ڕۆبینا ئەمینیان، خوێندکارێکی زانکۆی تەکنیکی شەریعەتی تاران و خەڵکی ناوچەی نۆتشە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی بەختکرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، «ڕۆبینا ئەمینیان» تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری نۆتشە و دانیشتووی […]

بابەتی پەیوەندیدار