ڕۆبینا ئەمینیان، خوێندکارێکی زانکۆی تەکنیکی شەریعەتی تاران و خەڵکی ناوچەی نۆتشە سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی بەختکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، «ڕۆبینا ئەمینیان» تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری نۆتشە و دانیشتووی پارێزگای کرماشان، خوێندکاری بەشی دیزاین لە زانکۆی تەکنیکی شەریعەتی تاران، لە کاتی نارەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان و گیانی لەدەستدا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم خوێندکارە لە مەودایەکی نزیکەوە و لە پشتەوە کراوەتە ئامانجی گوللەی هێزە حکومییەکان و بەهۆی پێکانی گوللەکە بە «سەر»ی گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی کە بەدەستمان گەیشتووە، هێزە حکومییەکان لە گەڕاندنەوەی تەرمی ناوبراو بە خێزانەکەی خۆیان بواردووە و دوای بەدواداچوونی بەردەوامی خێزانەکەی، ئەوانیان بۆ ناسینەوەی تەرمەکە، بۆ شوێنی هەڵگرتنی تەرمەکان بردووە.
دواتر، خێزانی ڕۆبینا ئەمینیان سەرەڕای فشار و سنووردارکردنە سەختە ئەمنییەکان، توانیان کە تەرمی ناوبراو وەربگرنەوە. بەڵام هێزە حکومییەکان بە جێبەجێکردنی فشارە ئەمنییەکان ڕێگریان کرد لە بەڕێوەبردنی هەر جۆرە مەراسیمێکی بە خاک سپاردن و سەرەخۆشی لە ماڵی خزمە نزیکەکانی ئەم خێزانە لە یەکێک لە گوندەکانی مەریوان.
ڕۆبینا ئەمینیان بیست و سێیەمین هاوڵاتی کوردە کە لە کاتی نارەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان گیانی لەدەستداوە.

