ناسنامەی سێ هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی نەسیر نەسیری خەڵکی ڕۆستەمئاوا لە پارێزگای گیلان، ئومید ساعدی خەڵکی سنە و ئەرسەلان قارەمانی خەڵکی دیواندەرە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانیان لەدەستدا، ڕاگەیەندران.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، نەسیر نەسیری، هاوڵاتی کوردی خەڵکی ڕۆستەمئاوا لە پارێزگای گیلان، ئومید ساعدی، ٣٩ ساڵ و خەڵکی سنە و ئەرسەلان قارەمانی، ٢٦ ساڵ و خەڵکی چشمە سفید «کانی چەرموو» لە شاری دیواندەرە، لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی تاران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژران. بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان، ئەم سێ هاوڵاتییە لەلایەن هێزەکانی ڕژیم بە گوللە تەقەیان لێکراوە و گیانیان لەدەستدا.
سەرچاوەکانی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە پوریا ساعدی، برای ئومید ساعدی، پاش کوژرانی براکەی بە تەقەی چەکی ساچمەیی برینداربووە و لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکراوە و هێشتا دۆخی سەلامەتی و شوێنی زیندانیی ناوبراو نادیارە.
شایانی باسە کە ناوەندەکانی ڕژیم بۆ وەرگرتنی ڕێکەوتنی نووسراو لە بنەماڵەی ئەرسەلان قارەمانی بۆ قسەنەکردن، لەبەرامبەر ڕادەستکردنی تەرمی کوڕەکەیان ٥٠٠ ملیۆن تمەن لە بنەماڵەکەی وەرگرتووە. هەروەها بۆ ڕادەستکردنی تەرمی ئومید ساعدی ٧٠٠ ملیۆن تمەن لە بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردووە وەرگیراوە.

