بە تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی “یاسین فەتحی”، هاوڵاتییەکی ٣٢ ساڵەی خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزەکانی ئیلاعاتی سپاوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ناوبراوەوە لەبەردەستدا نییە و خێزانەکەی نیگەرانی گیان و چارەنووسی ناوبراون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، یاسین فەتحی هاوڵاتی شاری دێولان لە ڕێگای چوونی بۆ شوێنی کارەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تاکو ئێستا، خێزانەکەی هیچ هەواڵێکیان دەربارەی بارودۆخ یان شوێنی ڕاگرتنی ناوبراوەوە بەدەست نەهێناوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە خێزانەکە دوای بەدواداچوونی بەردەوام لە دامەزراوە جیاجیاکان، هێشتا وەڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە و نیگەرانییان لە گیان و ئاسایشی یاسین بەردەوامە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەبارەی هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتەکانی دژی سەر ئەم هاوڵاتییە هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

