ئاریان ڕۆستەمی، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری قەسری شیرین بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئاریان ڕۆستەمی هاوڵاتییەک لە شاری سەرپێڵی زەهاو بە زیندان حوکم درا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم حوکمە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری قەسری شیرین بە سەرۆکایەتی دادوەر نەریمان شەفیعی دەرکرا و لە ڕۆژی پازدەی خەرمانانی ١٤٠٤ بە بەڕێز ڕۆستەمی ڕاگەیەنرا.
بەپێی حوکمی دەرکراو، ناوبراو بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گروپێک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات” بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درا.
لەم ڕاپۆرتەدا بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هاتووە: «دادگا بۆ دەرکردنی حوکم لە دژی ئەم هاوڵاتییە پشتی بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی زانیاری سوپای قەسری شیرین بەستووە».
ئاریان ڕۆستەمی، کوڕی کیکاووس، هاوڵاتییەکی خەڵکی سەرپێڵی زەهاوە لە پارێزگای کرماشان.

