«سۆران سەحراگەرد»، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ئەنجامدانی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە؛ دەستبەسەرکردنێک کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی فەرمی و لە کەشێکی تێکەڵ بە نامۆیی سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو ئەنجام دراوە.

بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیووز، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی رێبەندانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بوونی بڕیاری دادوەری، بە رۆشتن بۆ شوێنی ئامادەبوونی سۆران سەحراگەرد، ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری سنە گوادتۆتەوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هیچ جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، دامەزراوەی دەستبەسەرکەر و تۆمەتە ئەگەرییەکانی دژی سۆران سەحراگەرد لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی خێزانەکەی هێشتا بێ ئەنجام ماونەتەوە.
بەردەوامبوونی بێ ئاگایی لە بارودۆخی ئەم هاوڵاتییە کوردە، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی خێزان و نزیکانی ناوبراو.

