ئومێد مەزلوم، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد، سەرەڕای ئەوەی ٢٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا تێپەڕیوە، هێشتا لە زیندانی مەهاباد دەستبەسەر و بارودۆخی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەمڕۆ شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ئومێد مەزلوم، هاووڵاتیی شاری مەهاباد، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، هێشتا لە زیندانی مەهاباد دەستبەسەر و بارودۆخی نادیارە.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە، لەبەردەستدا نییە.
بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ئومێد مەزلوم لە ماڵی تایبەتی خۆی لە گوندی ئەتمیش سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەکاتی پشکنینی ماڵەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە. ئومێد مەزلوم، برای موحسین مەزلوم زیندانی سیاسی، تەمەنی ٣٩ ساڵە ودانیشتووی گوندی ئەتمیش مەهابادە.