
«غەزاڵ مەولان چەپرئاوا»، پێشمەرگەیەکی گەنجی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەهۆی هێرشی درۆنی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگای ئەم حیزبە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە شاری سلێمانی، پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و بەهۆی سەختی برینەکانی، گیانی بەختکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ئێوارەی سێشەمە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، غەزاڵ مەولان چەپرئاوا، خەڵکی شاری مهاباد و لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە کاتی هێرشی درۆنی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆسەر کەمپی «سوورداش» بە سەختی برینداربوو وە چەند کاتژمێرێک دواتر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان گیانی لەدەستدا. لە کاتی ئەم هێرشەدا، لانیکەم دوو پێشمەرگەی تریش برینداربوون کە بارودۆخی گشتیان جێگیر ڕاگەیاندراوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە حەوتەمین ڕۆژ لە ئاگرەبەستی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا تێدەپەڕێت. بەم حاڵەشەوە سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی درۆنی بۆمڕێژکراو، بەشێوەی هاوکات بارەگاکانی حیزبە کوردیەکانی، لەوانە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی کردنە ئامانج.

