
شەیدا شێخی، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی شەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، شەیدا شێخی، هاووڵاتیی دانیشتووی گەڕەکی «شاناز»ی سەقز، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بۆ سەر ماڵی باوکی، بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنە دەوروبەری کاتژمێر ٢٣ی شەو ئەنجام دراوە و هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، دەستیان بەسەر ژمارەیەک لە کەلوپەلە تایبەتییەکانی ئەم هاووڵاتییەدا گرتووە، لەوانە لاپتۆپ و مۆبایلەکەی.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە دەستبەسەرکردنی شەیدا شێخی بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی بووە و تا ئێستا هیچ ناوەندێکی فەرمی وەڵامدەری دۆخی ناوبراو نەبووە.
لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا، هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ئەم هاووڵاتییە بڵاو نەکراوەتەوە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەشی بێ ئەنجام ماونەتەوە.

