“فاروق عەلیزادە”، کۆڵبەرێکی تازە لاوی تەمەن ١٧ ساڵ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی تازە لاوی تەمەن ١٧ ساڵ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە هێڵی سنووری هەنگەژاڵی بانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرته ناسنامەی ئەم تازە لاوە کۆڵبەرە “فاروق عه لیزاده” تەمەن ١٧ ساڵ، کوڕی حاج عوسمان عەلیزاده و غونچه مەروەتی، خەڵکی گوندی گەنمان له بەشی سەرەکی شاری سەردەشتە.
باس لەوە دەکرێت کە ئەو کۆڵبەرە تازە لاوە لەکاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێزەکانی هەنگی مەرزییەوە تەقەی لێکراوە و گوللەی ساچمەیی بەر”سەر” ی کەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
بەپشتبەستن بەو ئامارەی لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراوە، لە ١ی ڕەزبەر تا ١ ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەگشتی ١٥٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی، لێدان و ئازاردان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕژێم و کەوتنە سەر مین. کوژراو و بریندار بوون.
لەم ژمارەیە بەگشتی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەر برینداربوون. لە کۆی گشتی ١٥٤ کۆڵبەر کە کوژراون و برینداربوون، ١٤١ حاڵەت (٩٢%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.