مافی ژیان یان مافی مەرگ؛ دۆخی ترسناکی کۆڵبەران لە کوردستان
“کۆڵبەر نیووز”، لە نوێترین ڕاپۆرتی ئاماریی خۆیدا باس لە کوژران و برینداربوونی سەدان کۆڵبەر لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەکات لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا.
بەپێی نووسینی ئەم پێگە هەواڵدەرییە، لە ساڵی ٢٠١٢ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ی زاینی لانیکەم ٥٤٧ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ١٦٠١ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان و ڕووداوە سرووشتییەکان لە کاتی کۆڵبەریکردن لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژاوا و کوردستاندا بریندار بوون.
“ئێرانوایەر” لە وتووێژ لەگەڵ “کەماڵ سولەیمانی”، مامۆستای ناوەندی توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامناسی لە “زانکۆی کۆڵمەکس”ی شاری مێکزیکۆسیتی جگە لە شیکاریی نموونە بابەتی و کۆنکرێتەکانی ئەو ئامارانەی ئاماژەیان پێکرا، باس لە دوایین دەرەنجامی توێژینەوە هاوبەشەکانیان دەکات لەگەڵ “ئەحمەد محەمەدپوور”، کۆمەڵناس و ئانترۆپۆلۆژیستی کورد لە “زانکۆی ماساچوسێت ئۆمهێرست” سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران لە کوردستاندا .
***
دوکتۆر سولەیمانی، وەک توێژەرێک کە لە ساڵی ٢٠١٨ بەملاوە لەسەر دۆخی کۆڵبەران لە کوردستاندا لێکۆڵینەوە دەکەن، ڕاتان چییە سەبارەت بە جەدوەلی ئاماریی قوربانیانی کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان کە لە لایەن کۆڵبەر نیوزەوە دیزاین کراوە و بڵاو کراوەتەوە؟
- ئەم جەدوەلە ئامارییەی تابەت بە قوربانیانی کۆڵبەری، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە ڕووتێکردنی خەڵکی کورد بە کۆڵبەری هاوکاتە لەگەڵ کوشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران لە ڕێگەی ستراتیژی ئەمنیەتیکردنەوەی کوردستانەوە. ئەم خولە بە سەرۆک کۆماریی “مەحموود ئەحمەدینەژاد”ەوە دەستی پێکرد و دواتر بووبە بەشێک لە ستراتیژی دەوڵەت بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی کوردستان، واتە لەناوبردنی ئەو وزە و توانا ناوەکییانەی دەبنە هەوێنی پەرەسەندن وڵاتان. ئەگەرچی لە سەردەمی پەهلەوییشدا جۆرێک چالاکی لە سەر سنوورەکان لە کوردستاندا هەبووە و کاڵای جۆراوجۆر دانوستاندیان پێدەکرا؛ بەڵام کۆڵبەری وەک دیاردەیەکی سیاسی، کاتێک تەشەنەی سەند کە جەستە یان پشتی مرۆڤی کورد بوو بە ئامرازی دابینکردنی لانیکەمی بژێویی ژیان. ڕاستییەک که پاش هاتنەسەر کاری دەوڵەتی مەحموود ئەحمەدینەژاد و تۆخکردنەوەی سیاستی لەناوبەردنی تواناستەکانی پەرەسەندن لە کوردستان بە شێوەیەکی ڕوو لە گەشە جێگیر کرا. بە جۆرێک کە ئەوڕۆکە ئەم دیاردە نگریس و ترسناکە بۆتە سەرچاوەی ژیانی ئابووری دەوری یەک میلیۆن کورد.
ئێوە لە وتارێکی هاوبەشی توێژینەوەییدا لە ژێر ناوی “ئابووریی سیاسیی کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵات”، کە لە ساڵی ١٣٩٩ لەگەڵ دوکتۆر محەمەدپووردا بڵاوتان کردەوە، بەم جۆرە کۆڵبەری پێناسە دەکەن: “کۆڵبەری دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ڕوانگەی تاکئێتنیکی-تاکئایینیی بۆ پەرەسەندنە کە بەشێکی دانەبڕاوی ستراتیژی دەوڵەتی پارسی-شیعی [دەوەڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران]ە لە کوردستاندا. بەم پێیە، کۆڵبەری پێش ئەوەی دیاردەیەکی ئابووری بێت، لە بنەڕەتدا پلانێکی سیاسییە.” ئایا ئەمنییەتیکردنەوەی سنوورەکانی کوردستان لە خوڵی هەشت ساڵەی سەرۆک کۆماریی ئەحمەدینەژادیش لە درێژەی ئەم پێناسەیەدا شڕۆڤە دەکەن؟
- لە ڕوانگەی ئێمەوە، ستراتیژی ئەمنییەتیکردنەوەی دەوڵەتی ئەحمەدینەژاد لە درێژەی فەرمانی جیهادی “ڕوحوڵا خومەینی” بە دژی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا بووە؛ همان ستراتیژ کە لە خولی هەشت ساڵەی ئەحمەدینەژددا گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و تاکوو ئێستایش درێژەی هەیە. لە لایەکیترەوە، ئێمە لە لٶکۆڵینەوەکانی خۆماندا نیشانمان داوە کە بە درێژایی چل ساڵی ڕابردوو ستراتیژی هەڵسوکەوت لەگەڵ کورد لە ڕێگەی هەڵپەساردنی یاسا و ئاساییکردنەوەی تووندوتیژیی ڕۆژانە لە کوردستاندا کاری کردووە. هەر لەم ڕووەوە، کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران بە شێوەی نایاسایی، بۆ خۆی نموونەی سەلماو و دەرەنجامی کرداریی پرۆژەی ئەمنییەتیکردنەوەی ژیان و داگیرکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکی کورد بووە لە کوردستاندا؛ کوشتارێک کە بە بیانووی پاراستنی ئەمنییەت، لە دەوڵەتی ئەحمەدینەژادەوە تا ڕەیسی “سنوور”ی کردۆتە گەورەترین قەتڵگای خەڵکی کورد.
خوێندنەوەی ئەو ئامارانەی کە کۆڵبەر نیوز بە درێژایی دە ساڵی ڕابردوو تۆماری کردووە و داویەتی بە ئێرانوایەر، دەری دەخات کە فاکتۆرگەلی وەک کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان، نوقمبوون لە ڕووبارەکانی نێوان سنوورەکان، وەستانی دڵ، پێکدانان و وەرگەڕانی سەیارە لە کاتی کۆڵبەری، لێدان، ئەشکەنجە، ڕاوەدوونانی کۆڵبەران لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، هەورە تریشقە، تەقینەوەی مین، هەرەس و ڕنۆ و سەرمابردن، دەوریان هەیە لە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەراندا؛ بەڵام گەورەترین هۆکار، تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان و مەئموورانی دەوڵەتی بووه بە فیشەکی جەنگی لە کۆڵبەران. ئێوە ئەمە چۆن لێکدەدەنەوە؟
- لێکۆڵینەوەکانی ئێمە لە پێوەندیدا بە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی قوربانیانی کۆڵبەری بە درێژایی دە ساڵی ڕابردوو دەری دەخەن کە هێزە ئینتزامییەکان بۆ تەقەکردن لە کۆڵبەران ئیزنیان هەیە و “ئاتەش بە ئیختیار”ن. ئەو وتووێژە جۆراوجۆرانەی لەگەڵ شایەتحاڵەکان و قوربانیانی کۆڵبەریدا کردوومانە، دەیسەلمێنن کە هێزە ئینتزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستاندا ئیختیاری تەقەکردنیان هەیە و زۆربەی جار ئەوان دیاریی دەکەن مافی ژیان بە کێ بدرێ یان ئەو مافەی لێزەوت بکرێ؛ واتە پارێزەرە چەکدارەکانی سەر سنوور دیاریی دەکەن کورد [کۆڵبەر]ێک مافی ژیانی هەبێ یان دەبێ بکوژرێت.
ئایا دەرەنجامی توێژینەوەکانی ئێوە لە کاتی وتووێژ لەگەڵ کۆڵبەران و قوربانیانی کۆڵبەریدا، ئەو کۆڵبەرانەیش دەگرێتەوە کە کارتی کۆڵبەرییان هەیە و بە شێوەی یاسایی هاتوچۆی سنوورەکان دەکەن؟
- ئێمە لە کاتی وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاوی کۆڵبەران و ئەوانەی کە قوربانیی کۆڵبەری بوون، زانیمان کە زۆربەی کۆڵبەران سەرەڕای ئەوەی کارتی کۆڵبەریشیان هەبوو، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بە ئانقەست تەقەی ڕاستەوخۆیان لێکراوە. نموونەگەلێکی زۆر هەن کە کۆڵبەرێک، سەرەڕای ئەوەی کارتی کۆڵبەریی هەبووە، کوژراوە یاخود بە تووندی بریندار کراوە؛ تەنانەت کۆمەڵێک نموونەمان تۆمار کردووە کە دەستەیەک کۆڵبەر لە ترسی ئەوەی مەبادا تەقەیان لێبکرێت، کارتی کۆڵبەرییەکانیان نیشانی هێزە ئینتزامییەکان داوە؛ بەڵام بەسەر ئەوەیشدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆی تەقەیان لێکراوە. بۆ نموونە، یەکێک لە کۆڵبەرەکانی خەڵکی بانە که کارتی کۆڵبەریشی هەیە، دەیگێڕایەوە کە ترسناکترین چرکەسات بۆ ئەو کۆڵبەرانەی کارتی هاتوچۆی یاساییان لە سنوورەکان هەیە، ئەوەیە کە هێزە دەوڵەتییەکانی سەر سنوور داوای کارتی کۆڵبەرییان لێبکەن. بەداخەوە، زۆربەی کاتەکان کۆڵبەران دوای نیشاندانی کارتی کۆڵبەرییەکەیان لە مەودایەکی چەند مەتریدا تەقەی ڕاستەوخۆیان لێکراوە. لە لایەکیترەوە، جگە لەو وێنە و فیلمانەی کە لە کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە، کۆمەڵێک وێنە و فیلمی تایبەتمان لە کوژرانی کۆڵبەران لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە دەست گەیشتووە که زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی لە کاتی کۆڵبەریکردندا کوژراون، سەر و سینگیان کراوتە ئامانجی فیشەکە جەنگییەکان؛ ئەو تەقانەی کە نەک بۆ ترساندن و تۆقان و پەرتەوازەکردنی کۆڵبەران بەڵکوو بە مەبستی کوشتن، ئامانجدار و بە ئانقەست بووە.
ئایا لە کاتی وتووێژەکان و ئەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەران کردووتانە، توانیوتانە لەگەڵ هێزە ئەنتزامی و دەوڵەتییەکان لە سنوورەکانی کوردستاندا قسە بکەن؟
- بەڵێ، ئێمە لە کاتی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانماندا، لەگەڵ ژمارەیەک لە هێزە ئینتزامییەکان و سەربازەکانی سەر سنوورەکان لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوادا خزمەتیان دەکرد، گفتوگۆ و وتووێژمان کردووە. بیستن و تۆمارکردنی چیرۆکی هێزە ئینتزامییەکان و سەربازەکانی سەر سنوورەکانیش نەک ئیختیاری تەقەکردن هێزە ئینتزامییەکان و سەربازەکانی سەر سنوورەکان پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵکوو پەردە لەسەر شێوەکان، جۆرەکان و ئاستەکانیتری تووندوتیژی دژی کۆڵبەرانیش هەڵدەدەنەوە. ئەوان پشتڕاستی دەکەنەوە کە کۆڵبەران سەرباری تەقەی ڕاستەوخۆ بێڕێزییان پێدەکرێ و لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە جوێنی ناشرینی (ئێتنیکی و ئایینی)یان پێدەردێ، هەروەها ئەشکەنجە، ئازار و ئەزیەتی ڕۆحی، دەروونی و جەستەیی دەدرێن؛ تەنانەت زۆربەیان ناچار دەکەن پایەگاکان، بورجەکەکان و مەقەڕەکانی هێزکانی سەر سنوور لە مەتبەخەکانەوە تا توالێتەکان و لە حەمامەکانەوە تا بەشە ئیدارییەکان و نیگابانییەکان خاوێن بکەنەوە. دوای کۆتاییهاتنی ئەم بێگارییەیەش، دەیاندەنە بەر کوت و لێدان، کاڵاکان و بارەکانیان زەوت دەکەن و ئەگەر ئەسپ و ئێسریشیان هەبێت، بە فیشەکی جەنگی دەیانکوژن و بۆخۆشیان بەڕهەڵا دەکەن.
لە کاتی وتووێژەکەدا ئیزنی تەقەکردنی هێزە ئینتزامییەکانی سەر سنوورەکان بە دژی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستانتان لە چوارچێوەی سیاستی ستراتێژیکی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لێکدایەوە، بە ڕای ئێوە مێکانیزمەکانی دەوڵەت بۆ پاساودانی کوشتاری کۆڵبەران چین؟
- پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی سەپاندنی تووندوتیژی، ئەویش لەو ئاست و قەبارەدا کە باسمان کرد، بێگومان دەرخەری سیاستی ستراتێژیکی سیستمێکی سیاسییە. لە لایەکیترەوە، ئاساییکردنەوەی کوشتاری کۆڵبەران لە کوردستان و نواندنەوەی وەک ڕووداوێکی سرووشتی جگە لە مێکانیزمەکانی پاساودان، کوشندەترین بەشی لەناوبردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کورد بووە. بە گوتەیەکیتر، ئاساییکردنەوەی کوشتاری ڕۆژانەی کۆڵبەران کارامەترین شێواز بووە بۆ هێزە ئینتزامییەکانی سەر سنوور کە ئیزنی تەقەکردنیان هەیە (هێزە ئاتەش بە ئیختیارەکان) وەک باڵی کرداریی کوشتاری سیستماتیک. بەم پێیە، سیاسەتی ئاتەش بە ئیختیاربوونی هێزە ئینتزامی و دەوڵەتییەکان بۆ کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەران کە بە شێوەیەکی نافەرمی لە ڕووی یاسایی، سیاسی و ئەمنییەتیشەوە پاڵپشتی و پشتوانیی لێکراوە، بابەتیترین ڕەهەندی کوشتاری سیستماتیکی خەڵکی کورد بووە بە درێژایی دەسەڵاتدارێتیی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
وردەکارییە ئامارییەکان و ناوی قوربانیانی کۆڵبەری لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا لەگەڵ تۆمارکردنی بەروار و شوێنی ڕووداوەکان لە لای “ئێرانوایەر” پارێزراوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ئیران وایەر