بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی رێبەندان چوار لاوی تێكۆشەری كورد؛ وەفا ئازەربار، پژمان فاتێحی، موحسین مەزڵووم و محەمەد فەرامەرزی، پاش زیاتر لە 19 مانگ بەندكردن و ئەشكەنجە و ئازار لە زیندانی قزڵحەسار لە سێدارەدران.
ڕژیمی كۆماری ئیسلامی بە پێی پێشینە و سیاسەتی هەمیشەیی خۆی هەر كات لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەكیدا توشی قەیران بووبێت، بۆ چاوترساندنی خەڵك و بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتیی، لەسێدارەدانی هەڵسوڕاوانی سیاسی و بەتایبەتی زیندانیانی سیاسیی كوردی وەك كردەوە و تاوانی هەمیشەیی خۆی جێبەجێ كردوە.
هاوكات لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كە چەخماخەكەی لە كوردستانەوە لێدرا و هەموو ئێرانی گرتەوە و بوو بە ڕەمزێكی جیهانیی، كۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەر كاتێك سیمای دوژمنكارانەی خۆی بە خەڵكی كورد نیشانداوە و بە بیانووی جۆراوجۆر سزای زیندان و ئێعدامی بەسەر چالاكوانانی كورددا سەپاندوە كە دواهەمینیان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ 9ی رێبەندان چوار بەندکراوی سیاسی كوردی لەسێدارەدا.
بەم بۆنەوە لەلایەن هەموو ڕیزەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری گیانبەختكردووان و سەرجەم خەڵكی خەباتكاری كوردستان دەكەین.
داوا لە سەرجەم ناوەند و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین بەرامبەر بە سیاسەتی سەركوت و ئێعدامەكانی ڕژیم بێدەنگ نەبن و گوشارەكانیان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی زیاتر بكەن. وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی خۆمان لە هەر چەشنە ناڕەزاییەكی جەماوەریی ئازادیخوازانی ئێران و كوردستان دەردەبڕین و داواكارین ئەم تاوانەی كۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوازێك ڕیسوا و مەحكوم بكرێت.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
9ی رێبەندانی 1402ی هەتاوی/ 29ی ژانویەی 2024ی زایینی