دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا حوکمی زیندانی “مەهدی مەجیدی” هاووڵاتی شاری بۆکانی پەسەند کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، بەپێی حوکمێک کە ڕۆژی یەکشەممە ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ناوبراو پشتڕاست کراوەتەوە، ناوبراو بە تۆمەتی “پارێزگاری لە دەوڵەتی ئیسرائیل” بە ٣ ساڵ زیندان، بە تۆمەتی “تەبلیغ لەدژی ڕژیم” بە ساڵێک زیندان و بە تۆمەتی “سووکایەتی بە ڕێبەری” بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا. بەپێی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سەختترین سزادان بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
شایانی باسە پێشتریش لقی ٢ی دادگای شاری بۆکان، “مەهدی مەجیدی” هاووڵاتی تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی ئەم شارەی بە تۆمەتی “پارێزگاری لە ئیسرائیل” بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی “تەبلیغ لەدژی ڕژیم” بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی “سووکایەتی بە ڕێبەری” بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و بەکۆی گشتی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.
بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، سەختترین سزا واتا حوکمی ٣ ساڵ زیندان بۆ ناوبراو جێبەجێ کرابوو.
“مەهدی مەجیدی” ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ لە درێژەی کوشتنی حکومەتی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری بۆکان دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابۆوە. لەکۆتاییدا پاش ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەری و تەواوبوونی پرۆسەی دادگا بۆ زیندانی بۆکان گواسترایەوە و پاش ٣ مانگ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتی و تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگا لە زیندان ئازاد کرابوو.