ڕزگار حەسەنی، کۆڵبەری خەڵکی سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری هەنگەژاڵی بانە لە کەمەریدا بە سەختی برینداربوو. دووەمین کۆڵبەری بنەماڵەیەکە لە ساڵی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە بانە برینداربوو.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئێوارەی سێشەمە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بەسەختی برینداربوو. ناسنامەی ناوبراو ڕزگار حەسەنی و خەڵکی سەقز بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندرا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕزگار حەسەنی لە کەمەریدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی تەقەی لێکرا و بڕبڕەی پشتی بە سەختی برینداربوو. ناوبراو لە نەخۆشخانەی شیفا لە شاری سەقز لە بەشی چاودێری ورد خەوێندراوە. شایانی باسە ناوبراو برایەکی دیکەی لە ئێوارەی شەمە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنوری هەنگەژاڵی بانە لە دەستیدا بە سەختی برینداربوو.
بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچەکانی سنووری و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتی دیکە کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) برینداربوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ کۆڵبەر (٨٧٪) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ لە سنووری کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.