گرتووخانەی ئێڤین؛ وریشه مورادی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا

وریشە موردای، چالاکی سیاسی دەستبەسەر لە گرتووخانەی ئێڤین، بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، وریشە موردای، چالاکی سیاسی خەڵکی سنە و ئەندامی «کژار» کە لە گرتووخانەی ئێڤین دەستبەسەرە، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر «ئەبولقاسم سەڵەواتی» بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە.

یەکەمین دادگای وریشە مورادی لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣دا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چوو.
دوای دووجار هەڵوەشانەوەی دووهەمین دادگای ئەم چالاکە سیاسییە لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٤٠٣دا، دواجار ئەم دادگایە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری١٤٠٣دا لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوە چوو.
ئەم چالاکە سیاسییە لەلایەن لقی ٥ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی تاران بە تۆمەتی «بەغی» تاوانبار کراوە.

شایانی ئاماژەیە، وریشە موادی، چالاکی سیاسی خەڵکی سنە و ئەندامی «کژار» لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ەوە و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی خەبات لە دژی لەسێدارەدان، بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاند.

ئەم چالاکە سیاسییە، لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیک شاری سنە دەسبەسەر کرا. دوای تێپەڕینی ١٣ ڕۆژ بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین گوازرایەوە و لەکۆتاییدا لە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە لەگەڵیدا، گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم گرتووخانەیە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

بۆکان؛ ئازادی ئاکام ئەمینی بە دانانی بارمتە

ی نوامبر 10 , 2024
ئاکام ئەمینی، خەڵکی شاری بۆکان بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی بۆکان ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ ئاکام ئەمینی، خەڵکی گوندی کانی ڕەش لە شاری بۆکان بە بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی پرۆسەی یاساییەکەی لە گرتووخانەی […]

You May Like