نەوسوود؛ کۆڵبەرێک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە قاچی لەدەستدا

ئەحمەد ڕەزایی، کۆڵبەری شاری جوانڕۆ بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە سنووری نەوسوود قاچی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆڵبەرێک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە لە سنووری نەوسوود بەشێک لە قاچی (گوێزنگی قاچی) لەدەستدا. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە ئەحمەد ڕەزایی، خەڵکی شاری جوانڕۆ بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەم کۆڵبەرە لە سەرەتای خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بەهۆی تەقینەوەی مینەوە قاچی بە سەختی برینداربوو و پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی کرماشان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە پزیشکەکان ناچاربوون گوێزنگی پێی ببڕنەوە. شایانی باسە کە ناوبراو ٣ ڕۆژ پاش دوایین نەشتەرگەرییەکەی لە نەخۆشخانە دەرچووە. ئەحمەد ڕەزایی خێزاندار و باوکی ٣ منداڵە.

بەپێی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣دا، ١٤٢ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون. لەم ژمارەیە، ٣٦ کۆڵبەر (٢٥٪) کوژران و ١٠٦ کۆڵبەر (٧٥٪) بریندار بوون. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣ کوژران و برینداربوون، ١٢٤ حاڵەتیان (٨٧٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆ یان لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ڕژیم بووە. لە کۆی ١٤٢ کۆڵبەر کە لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٣دا لە سنوورە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کوژران و برینداربوون، ١٠ کۆڵبەریان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن. بە بەراورکردنی ئاماری ٦ مانگی یەکەمی ١٤٠٣، لەگەڵ نیوەی یەکەمی ١٤٠٢، ئێمە شایەتی زیادبوونی ٦٧٪ی ڕێژەی کوژراو و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنووری کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سەرکێشی بایدن لە شەڕی ئۆکراین، لە کۆتا ڕۆژەکانی دەسەڵاتیدا

پ نوامبر 21 , 2024
ڕۆژی سێشەممە ١٩ی نوامبر بەرامبەر بە ٢٩ی خەزەڵوەر، ئەرتەشی ئۆکراین ٦ مووشەکی دوور مەودای دروستکراوی ئەمریکای ئاراستەی خاکی ڕووسیا کرد. بەپێی ڕاپۆرتەکان ئەرتەشی ئۆکراین ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەریش، بە مووشەکی دوور مەودای “سێبەری تۆفان” کە دروستکراوی بریتانیایە، چەند خاڵێکی لە قووڵایی خاکی ڕووسیا کردە ئامانج. دەوڵەتی ڕووسیا بەرامبەر بە کردەوە سەربازییەکانی […]

You May Like