فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی سنە و زیندانی سیاسی لە گرتووخانەی ئێڤین، جارێکی دیکە لەگەڵ گرفتی تەندروستیی جیددیی ڕووبەڕووە. ئەو چالاکە کرێکارییە کە بەدەست هەوکردنی سییەکانییەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای تێکچوونی باری تەندروستی، لە دەستڕاگەیشتن بە چاودێری پزیشکی گونجاویش بێبەش کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، فواد فەتحی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی خراپتربوونی نەخۆشییەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی لە تاران گواسترایەوە. بەڵام سەرەڕای پێشنیاری پزیشک بۆ خەواندن و چاودێری کردنی لە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی بەرپرسانی زیندان بۆ گرتووخانەی ئێڤین گەڕێنرایەوە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش فواد فەتحی بەهۆی هەوکردنی گوێیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو و پزیشکەکان ڕایانگەیاندبوو کە زیانی زۆر بە دەماری گوێی گەیشتووە و بە پێویستە کە ئامێری بیستن بەکاربهێنێت.
بێبەشکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە مافی چارەسەری پزیشکی، نیگەرانییەکانی لە بارەی دۆخی تەندروستی ناوبراوەوە زیاتر کردووە. چالاکانی کرێکاری و بنەماڵەی ئەم چالاکە کرێکارییە نیگەرانی خۆیان لە لێکەوتە زیانبەخشەکانی ئەم کارەی بەرپرسانی زیندان لەسەر بارودۆخی تەندروستی ناوبراو دەربڕیوە.
فواد فەتحی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام و چالاکی کردن لە دژی ئاسایشی وڵات، بە چەند ساڵ زیندانی مەحکووم کراوە. ئەم چالاکە زیندانی کراوە پێشتریش بە هۆی چالاکییە مەدەنی و کرێکارییەکانییەوە چەندین جار دەستبەسەر کراوە و ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە.
دۆسیەی فواد فەتحی تەنیا نموونەیەکە لە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافی زیندانیانی سیاسی لە ئێران. زۆرێک لە زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە مافی دەستڕاگەیشتن بە چاوەدێری تەندروستی شیاو بێبەش دەکرێن و لە بارودۆخێکی ناتەندروست و نامرۆڤانەدا دەهێڵرێنەوە.